Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی لە ستیڤن فه‌یگن کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەرێمی کورستان کرد.
لەدیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لەچوارچێوەی دەستوور خستەڕوو، پاشان تێبینیی هەرێمی کوردستانی لەسەر مادەی ١٦ی یاسای هەڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکانی عێراق نیشاندا کە بەهۆی ئەو مادەیە ژمارەیەکی زۆر لەو هاووڵاتییانەی کە ئاوارەبوونە مافی دەنگدانیان دەفەوتێت و جەختی لە پێویستیی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە کردەوە.
هەر لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە حەتمیەتی چاکسازی لەهەموو سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستان کرد و تەئکیدی لە یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان کردەوە.
لای خۆیەوە ستیڤن فه‌یگن کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسگوزارییان بۆ ئەو پێشوازییەی لە پەرلەمانی کوردستان لێیان کراوە، پشتیوانیی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ دیالۆگێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ نیشاندا.