Skip to the content
Menu

هەردوو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كۆبوونه‌وه

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ١٥ی ئه‌یلولی ٢٠١٩  د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ، و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ومنی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان وبە ئامادەبوونی ژماریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاسایی، پێشوازییان لە حاکم بەنگین سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری کرد .  ‌

لەکۆبوونەوەیەکدا  د.رێوازفایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ، به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كوردستان، به‌خێرهاتنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای خواست  هاوكار و هاوئاهه‌نگ بن بۆ پرسه‌ یاساییە چاره‌نووسسازەکان،  وه‌ك ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و پرۆژەی چاکسازی و ئەو یاسایانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ ده‌كردن وهه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها دڵنیایی دایه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رشتێك په‌یوه‌ست بێت به‌كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هاوكارو پشتیوان ده‌بن، هیواشی خواست ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوامیان هەبێت بەمەبەستی پرس و راوێژ لە نێوان هەردوو لادا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هێمن هه‌ورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،  جەختی لەسەر کاری پێکەوەیی لە نێوان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە لە چوار چێوەی یاسا بەرکارەکان و دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە گرنگن و ئەولەوییەتیان هەیە بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ،و جەختیشی کردەوە کە بەیەکەوە چاودێربن بۆ ئەو یاسایانەی کە لە ئەنجوومەنی نوێەرانی عێراق دەردەچن کە تێیاندا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن .

لەلایەن خۆیانەوە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان وێرای پیرۆزباییان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان جەختیان لەسەر وتەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردەوە ، کە خۆی لە هەماهەنگی زیاتری نێوان دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاری پێکەوەییان لە پێشینەی پلانەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان دانا.