Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌پرسی بودجه‌ و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنى ره‌شنووسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تیی دارایی حكومه‌تی فیدرال و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی چاره‌نووسساز بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌مڕۆ پێنچشه‌مه‌ 12ی ئه‌یلولی 2019، ، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی منی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌كانی (كاروبارى یاسایی) و (دارایی و كاروبارى ئابوورى)و (وزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان) له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شى نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ د.ڤالا فه‌رید وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و د.ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و د.ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران.

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردو مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ بۆ گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیارییه‌ سه‌باره‌ت به‌پرسی بودجه‌و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنى ره‌شنووسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تیی دارایی حكومه‌تی فیدرال و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی چاره‌نووسساز بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد دانوستاندن و گفتوگۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالیی عێراق سه‌باره‌ت به‌پرسه‌ چاره‌نووسساز و نیشتیمانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ یاسایى ده‌ستوورییه‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك بودجه‌ و نه‌وت و شایسته‌ داراییه‌كان و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدرال و پرسی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور.
لای خۆیه‌وه‌ د.ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ناوی سه‌رۆكوه‌زیران و جێگری سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتی له‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها وتى ده‌سته‌یه‌كی نیشتیمانیى بۆ گشت پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان و نیشتیمانییه‌كان دروست ده‌كه‌ین و پاشان پوخته‌یه‌ك له‌ دیالۆگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقى بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیى عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی شیكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌وردى باسی له‌ ماده‌ی 140ى ده‌ستوور تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم و ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ و ئاماده‌كارى بۆ سه‌رژمێری گشتی له‌ عێراق و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كرد.

پاشان د.ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌وردی دۆخی دارایی و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم و بودجه‌ و نه‌وت و قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستانى روونكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و شه‌ڕی داعش و هاتنی رێژه‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بووه‌و رایگه‌یاند: "سیاسه‌تی كابینه‌ی 9ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر گشت پرسه‌ نیشتیمانییه‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، له‌وانه‌ بابه‌تی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور و بوجه‌ و نه‌وت له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا".
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مان چه‌ندین پرسیار ئاراسته‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم كراو ئه‌وانیش وه‌ڵامی پێویستی پرسیاره‌كانیان دایه‌وه‌.