Skip to the content
Menu

په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان هه‌مواركرایه‌وه‌

پەرلەمانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەسەند كرد و لەهەموارەكەشدا چوار لیژنەی نوێی هەمیشەيی زیادكران.

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29/9/2019، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره‌ (3)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ دانیشتنه‌كه‌دا كه‌ هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى مبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (90، 91، 93، 96، 97، 125)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان و هه‌روه‌ها پوخته‌ی دانیشتنی ڕابردووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌ نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێندرایه‌وه‌.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له‌ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد بێنه‌ شوێنی تایبه‌ت بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان به‌‌ڕه‌چاوكردنى ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ له‌كاتی گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌هه‌مواره‌كه‌ خرا‌بوونه‌ڕوو.
سه‌ره‌تا لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی ناوونیشانی پێشنیازی هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانی خسته‌ڕوو و وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ راپۆرتی لیژنه‌ی یاساییدا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
دواتر ماده‌ی یه‌كه‌مى پڕۆژه‌ هه‌مواره‌كه‌ به‌پێی دارشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ پێناسه‌ی سروشتی پێشنیازه‌ یاساو پێناسه‌كردنی چه‌ند چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی یاسایی بۆ زیادكرابوو، به‌م گۆڕانكارییانه‌وه‌ مادده‌كه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ماده‌ی یه‌كه‌مدا له‌سه‌ر پێشنیازى سه‌رۆكی په‌رله‌مان گۆرانكارییه‌ په‌سندكراوه‌كان له‌چوارچێوه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌ی یه‌كه‌م، ئه‌وا ماده‌ی 78ی په‌یڕه‌و بگونجێندرێت و هه‌موار بكرێته‌وه‌و ئه‌م پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
به‌پێی دارشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ره‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران پێشنیازی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی ده‌یه‌م له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ كرا كه‌به‌پێی پێشنیازه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ئافره‌تێكی تێدا ده‌بێت و هه‌روه‌ها پێشنیازی گۆڕینی ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌رۆكایه‌تی" بۆ "ده‌سته‌" كرا، به‌مجۆره‌ ماده‌كه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی سێیه‌میش به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران داوای لابردنی بڕگه‌ی حه‌فته‌م له‌ماده‌ی 14ی ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌میكانیزمه‌كانی هه‌ڵبژاردن و كاندیده‌كان له‌ناو په‌رله‌مان بوو، وه‌ك خۆی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی چواره‌میش به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران پێشنیازی گۆڕینی ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌رۆكایه‌تی" بۆ "ده‌سته‌" له‌هه‌رشوێنێكی په‌یره‌وه‌كه‌، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی پێنجه‌می پێشنیازه‌یاساكه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 20 به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ره‌تكرایه‌وه‌، ماده‌ی شه‌شه‌میش به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ره‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران تایبه‌تبوو به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی ریزبه‌ندیی برگه‌كانی ماده‌ی 24 ى په‌یڕه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی حه‌فته‌م به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران هه‌مواری خاڵی دووه‌م له‌بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی 25ى په‌یڕه‌و كه‌ تایبه‌تبوو به‌رێككاره‌كانی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارو دوای گۆڕینی ده‌سته‌واژه‌ی "به‌روار" بۆ "رێكه‌وت" به‌و گۆرانكارییه‌وه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ئه‌و ماده‌یه‌ش په‌سند كرا.
ماده‌ی هه‌شته‌میش به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران، تایبه‌تبوو به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 29ی په‌یره‌و كه‌ بریتیبوو له‌ لێك جیاكردنه‌وه‌و زیادكردنی ژماره‌یه‌ك له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی و 9 بژارده‌ بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ماده‌كه‌ كرابوو، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌بژارده‌كان بۆ گۆڕانكاری ده‌نگی پێویستی نه‌هێناو ته‌نها بژارده‌ی په‌سندكردنی وه‌ك خۆی ده‌نگی هێناو به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی زه‌رد له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند له‌چوارچێوه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 29ی په‌یڕه‌و ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ له‌میدیاكان له‌په‌رله‌مان گیراوه‌ كه‌ ره‌چاوی مافی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت نه‌كراو به‌جێكردنه‌وه‌ی ناویان له‌چوارچێوه‌ی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ئه‌و پروپاگه‌نده‌ ناراستییانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و وه‌ك په‌رله‌مان و په‌ره‌له‌مانتاران له‌گه‌ڵ مافی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان داین.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: ناوی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان میكانیزمێكی پرۆتۆكۆڵین و له‌ناوه‌ڕۆكدا ئه‌رك و كاری فراوانی یاسایی و به‌دواداچوونیان هه‌یه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا په‌رله‌مان پشتگیرو خه‌مخۆری مافی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌و ده‌رگای په‌رله‌مانیش هه‌رده‌م واڵایه‌ بۆ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تییه‌كان و جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌ركی سه‌ره‌كیی حكومه‌ته‌ خزمه‌تی ئه‌و چینه‌ بكات و هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌خزمه‌ته‌كانی ئه‌وچینه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ناونیشانی وه‌زاره‌ت ناوی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تییه‌كان نه‌هاتووه‌.
هه‌ر له‌درێژه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا ماده‌ی نۆیه‌م به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران كه‌ داوای هه‌مواری بڕگه‌ی دووه‌م له‌ماده‌ی 42ی په‌یره‌وی ناوخۆ ده‌كات و تایبه‌تبوو به‌میوانداریكردنی وه‌زیرو سه‌رۆكی ده‌سته‌كان، دواى زیادكردنی ده‌سته‌واژی "دیاریكردنی كاتێك"، ماده‌كه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی ده‌یه‌میش به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران تایبه‌تبوو به‌هه‌مواری برگه‌ی دووه‌م له‌خاڵی سێیه‌می ماده‌ی 44ی په‌یڕه‌و كه‌ تایبه‌تبوو به‌رێككاره‌كانی ئاماده‌بوون و نه‌بوونی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌په‌رله‌مان، دوای گۆڕینی ده‌سته‌واژه‌ی "داوكراو"بۆ"داوالێكراو"، په‌سندكردنی ئه‌و ماده‌یه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگبوو.
ماده‌كانی یازده‌یه‌م تاسێزده‌یه‌م به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران هه‌مواركردنه‌وه‌كان به‌پێویست نه‌زانران و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌رسێ ماده‌كه‌ به‌پێی ئه‌سڵی پێشنیازه‌ یاساكه‌ لابران.
ماده‌ی چوارده‌یه‌میش به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران تایبه‌تبوو به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 79ی په‌یڕه‌و كه‌ بریتیبوو له‌ رێككاره‌كانی پێشكه‌شكردنی پێشنیازی یاساو بڕیاره‌كان و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی پانزده‌یه‌میش به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران تایبه‌تبوو به‌زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بۆ ماده‌ی 91ی په‌یڕه‌و كه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كات لیژنه‌ی یاسایی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان پێشنیازی نوێ بۆ خستنه‌ ده‌نگدان ئاماده‌ ده‌كات و به‌مجۆره‌ش هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌كه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی شانزده‌یه‌م و كۆتایی به‌پێی داڕشتنه‌وه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و به‌ڕه‌چاوكردنی پێشنیازی په‌رله‌مانتاران، تایبه‌تبوو به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 110ی په‌یڕه‌و كه‌ باس له‌مافه‌كانی ئه‌ندامییه‌تی په‌رله‌مانی و وازهێنان له‌فراكسیۆنه‌كه‌ی ده‌كات، دوای لابردنی بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌كه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا. هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنیش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
دواتر كۆی هه‌مواره‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ 91 ده‌نگ په‌سندكراو به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌گه‌لی كوردستان و په‌رله‌مانتاران كرد بۆ ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌. به‌مشێوه‌یه‌ش كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هات.