Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە یادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە چلەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی و بەزۆر ڕاگواستنی کوردە فەیلییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمە دەقی پەیامەکەیە:

بەناوی یەزدانی مەزن و دلۆڤان

چل ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنی بە زۆر و لێسەندنەوەی ناسنامە لە کوردانی فەیلی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ئەو تاوانانەی لە بەرانبەر کوردانی فەیلی کرا، ئەڵقەیەکی درێژکراوەی زنجیرەی تاوانکارییەکانە لە دژی خەڵکی کوردستان، رژێمی بەعس تەنیا لەبەر ناسنامەی کوردبوون، فەیلییەکانی لە تەواوی مافەکانی هاووڵاتیبوون داتاشی و موڵک و ماڵ و سەروەتەکەیان لێ زەوتکرا، لە کاتێکدا ئەوان بەشێکی هەرە کاریگەری کۆمەڵگای پێشکەووتووی عێراق و بازرگانی و ئابووری ئەو وڵاتەیان لەدەست بوو.

سەرەڕایی ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دانی ناوە بەو تاوانانەی ڕژێمی بەعس بەرانبەر بە کوردانی فەیلی، بەڵام داواکارین هەرچی زووە قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە، و مافە زەووکراوەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە و چارەسەری کێشەی ڕەگەزنامەیان بکرێت، پێویستە بەهەموو لایەک هەوڵ بدرێت سزای تاوانکارانیش بکرێت، بۆ ئەوەی ببنە پەندو وانە بۆ ئەوانەی رۆژێک دەست بۆ زەوتکردنی بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان ببات، لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ ڕوحی شەهیدانی کوردانی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٦/٤/۲۰۲۰