Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌كات

له‌درێژه‌ی چاودێری و به‌دواداچوونه‌كانیدا بۆ ئاگاداربوونی زیاتر له‌ڕەوشی ته‌ندروستیی هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/4/15، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان و سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان، سه‌ردانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕینی كردو له‌لایه‌ن هیوا قه‌ره‌نی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و لیژنه‌ی باڵای ئۆپه‌راسیۆنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆناو قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی سه‌ر به‌ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین پێشوازیی لێكرا.
له‌دیدارێكدا هیوا قه‌ره‌نی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین به‌وردی باسی زۆربه‌ی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كرد كه‌ له‌ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كردنی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان ڕووبه‌ڕوویان بۆته‌وه‌ به‌هۆی هاوسنووری لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و کەمیی بودجه‌و نائامادەیی ژێرخانی تەندروستی و بەردەستنەبوونی پێداویستییه‌ پزیشكی و لۆجستییەکان به‌شێوه‌یه‌كی پێویست و گونجاو لەگەڵ قەبارەی مەترسییەکانی کۆڕۆنا‌، هه‌روه‌ها باسی ئه‌و میكانیزم و ڕێكاره‌ ته‌ندروستییانه‌ی كرد كه‌ گرتوویانه‌ته‌به‌رو به‌هۆی دڵسۆزی و خه‌مخۆریی به‌ڕێوه‌به‌رانی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان توانیویانه‌ زاڵبن به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كان و داوایكرد كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆڵی خۆی لەکەمکردنەوەی باری زەحمەت و لێکەوتەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا بگێڕێت، بەتایبەت بەڕاسپاردنی حکومەت بۆ په‌له‌كردن له‌ده‌ركردنی بڕِیاری لێخۆشبوونی كرێی خانووو باجی ده‌رامه‌ت و خانووبه‌ره‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕسوماته‌كان و کرێی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و كاسبكار زۆر ماندووه‌.
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاس بێپایانی ئاڕاسته‌ی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كرد، به‌تایبه‌ت هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان كه‌ لێبڕاوانه‌ كاریان كردووه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، دڵسۆزی و خه‌مخۆریی ئه‌وانی له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا به‌ كه‌موێنه‌ وه‌سفكردو لەڕێگەی بەڕێزیشیانەوە ستایشی پابەندبوونی هاووڵاتییانی بەڕێکارە تەندروستییەکانەوە کرد.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "بەپێی یاساو بڕیارە تەشریعییە کارپێکراوەکان‌ حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی كه‌مكردنه‌وەو لێخۆشبوونی هەندێک کرێ و ڕسوماتی هەیەو داوامان کردووە هەندێ دەستوبرد لەدەرکردنی ئەو بڕیارەدا بکەن کە لەکۆبوونەوەی ۱ـ٤ی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایانگەیاندووەو ئەگەر پێویست به‌ده‌ركردنی بڕیاری ته‌شریعیش‌ بكات بۆ هاوكاریكردنی چین و توێژه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌ جیاوازه‌كان ئه‌وا په‌رله‌مان ئاماده‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بڕیاری تازه‌ ده‌ربكات بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌".
هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریی شانده‌ هاوڕێكه‌ی سه‌ردانی قه‌ڵادزێ-ی كردو له‌لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر بایز قایمقامی قه‌زای پشده‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی سه‌ر به‌قه‌زاكه‌یان و ژووری ئۆپه‌راسێۆنی ڕووبەڕه‌وبوونەوەی کۆڕۆنا لەقەزای پشدەر پێشوازیی لێكرا.
د.ڕێواز فایه‌ق سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی قایمقامیه‌تی قه‌زاكه‌و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان و ژووری ئۆپه‌راسێۆنەکان و تەواوی فەرمانبەران و کارمەندان و هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ره‌کەشى كرد كه‌پابه‌ندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بوون، خۆشحاڵیی خۆیشی ده‌ربڕی بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانیان و زاڵبوونیان به‌سه‌ر په‌تاكه‌دا به‌تایبه‌ت كه‌ قه‌ڵادزێ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران .
لای خۆیه‌وه‌ قایمقامی قه‌زای پشده‌ر، تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕِی و جیاوازییانه‌ی كه‌ له‌نێوان قه‌زاكاندا ده‌كرێت له‌ڕووی دابینكردنی بودجه‌و ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و داوایكرد كه‌په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ماهه‌نگیان بێت له‌گه‌یاندنی داواكارییه‌ ڕه‌واكانیان.
له‌ته‌وه‌رێكی تری قسه‌كانیدا باسی دۆخی ئابووریی ناوچه‌كه‌ی كرد كه‌به‌هۆی داخستنی مه‌رزی (كێلێ)وه‌ زۆرێك له‌ هاووڵاتییان كارو كاسبیان له‌ده‌ستداوه‌، هیوای خواست كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌هانای داواكانیانه‌وه‌ بێت و له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا قسه‌ بكرێت بۆ كردنه‌وه‌ی مه‌رزه‌كه‌.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌وا سه‌رجه‌م داوا ڕه‌واكانی سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین له‌گه‌ڵ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان تاووتوێ ده‌كات و ڕایانده‌سپێرێت بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌و گرفت و كه‌موكوڕییه‌كان. هیواشی خواست كه‌بتوانن له‌ئاینده‌یه‌كی زوودا هه‌موو كه‌موكوڕی و داواكارییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بێت.