Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/4/27، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ هه‌یسه‌م ساڵح ئه‌بولفول كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لى كوردستان و گه‌لى ئوردن كردو هیوای خواست ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا فراوانترو به‌هێزتربكرێن و ئه‌مجۆره‌ دیدارانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا باس له‌ ره‌وشی ته‌ندروستیی جیهان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆڕۆنا كرا كه‌ هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان باسی له‌و رێكارو هه‌نگاوه‌ خۆپارێزییانه‌ كرد كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان به‌و ئیمكانییاته‌ كه‌مه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی به‌هاوكاری و پابه‌ندبوونی خه‌ڵك به‌رێنماییه‌ خۆپارێزییه‌كان توانیویه‌تی تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش رووبه‌ڕووى ئه‌و ڤایرۆسه‌ ببێته‌وه‌، هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌سه‌ر لێكه‌وته‌ نه‌رێنییه‌كانی كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌و رێكاره‌كانی خۆپارێزی و قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆو و مانه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ماڵه‌كانیان و دابه‌زینی نرخى نه‌وت دروستبووون كرد كه‌ كاریگه‌ریی كردۆته‌ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان و وایكردووه‌ قه‌یرانى دارایى دروست ببێت و راشیگه‌یاند: "له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا حكومه‌تی عێراق بودجه‌و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانى به‌سیاسی كردووه‌و له‌ 16ى ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌ بڕیارێك له‌لایه‌ن ئه‌مینداریه‌تیی گشتیی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ راگیراوه‌ كه‌ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌"، گووتیشی: "هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌وه‌و هه‌رێم هه‌موو ئاماده‌ییه‌كیشی ده‌ربڕیوه‌ بۆئه‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستی به‌غدا بكات به‌و مه‌رجه‌ى حكومه‌تى عێراقیش سه‌رجه‌م شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات".
پاشان هه‌یسه‌م ساڵح ئه‌بولفول كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌مێژینه‌یه‌ی نێوان گه‌لی كوردو گه‌لى ئوردن ده‌ربڕی و هیوای خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا په‌ره‌یان پێبدرێت، هه‌روه‌ها باسی له‌م هه‌نگاوانه‌ كرد كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراون و ستایشی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى كردو راشیگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ركردنی رینماییه‌كان هه‌وڵێكی زۆرباشیاندا بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا.
هیواشی خواست كه‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن و دستووره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.