Skip to the content
Menu

په‌یامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان له‌ ساڵیادی بۆردوومانكردن و راپه‌ڕینی شارى قه‌ڵادزێ

له‌٤٦هەمین ساڵیادی بۆردوومانكردن و راپه‌ڕینی شارى قه‌ڵادزێ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

له‌رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ له‌ 24ی نیسانی ساڵی 1974، رژێمی به‌عسى له‌ناوچوو به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ و به‌چه‌كی ناپاڵمى قه‌ده‌غه‌كراو زانكۆی سلێمانی له‌ قه‌ڵادزی بۆردوومان كردو سه‌دان شه‌هیدو برینداری لێكه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 24ی نیسانی 1982، كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار بوو خه‌ڵكی خۆڕاگرى ناوچه‌یه‌كی كوردستان له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ری به‌عسی عه‌فڵه‌قی ڕاپه‌رینییان ئه‌نجامداو له‌ئاكامدا دوو ئافره‌تی شۆڕشگێڕ به‌ناوه‌كانی (دایكه‌ ئامینه‌) و (خوشكه‌ سنه‌وبه‌ر مه‌حمود) شه‌هیدبوون و چه‌ندین هاووڵاتیش زامداربوون و به‌ده‌یان كه‌سیش ده‌سگیركران.

خه‌ڵكی پشدەری خۆشەویست له‌سه‌رجه‌م شۆڕش و به‌رخودانه‌كانی كوردستان به‌شدارییه‌كی كاراو كاریگه‌رییان هه‌بووه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری و به‌رخودان بوون و شەرەفی بەرگری و سەرفرازیان پێبڕاوە، بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ کە زانكۆ تاقانەکەی کوردستانی لە ئامێز گرتبوو ، پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاساو رێساو رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانی وڵاته‌ زلهێزه‌كانی ئه‌و كاته‌ له‌ ئاست ئه‌و تاوانه‌ بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردو ئه‌م بێده‌نگییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ی زیاتری بۆ ڕژێمی به‌عس خۆشكرد كه‌ پلانی گه‌وره‌تر دابڕێژێت بۆ جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان تائاستی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و شاڵاوی ئه‌نفال و بێ سه‌روشوێنكردنی هه‌زاران خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان.

دوژمنان وه‌ك هه‌میشه‌ بێ جیاوازی و به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای خاک و خەڵکی كوردستان ده‌كه‌ن و هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوانماندا ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كوردستان بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا یه‌كگرتووییمان زامنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌وجۆره‌ كاره‌ساتانه‌یه‌ كه‌به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتوون.

لەئانوساتی بیرهێنانەوەی ئەو تاوانە لە دژی خەڵکی کوردستان، وڵات و جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دووچاری بارودۆخێکی خراپی ئابووری و کۆمەڵایتی بووینەتەوە، خەڵکی کوردستان بەسەر چەندین ناخۆش و قەیرانی هاوشێوە زاڵ بووە، دڵنیام بە خۆپارێزی و پابەند بوون بە رێنماییەکان بەسەر نەخۆشییەکە سەردەکەوین، بە تەبایی و یەکڕیزیش بەسەر لێکەوتە ئابوورییەکانی زاڵ دەبین.

ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كه‌ین كار له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی زیاترى كه‌سوكارى شه‌هیدان بكرێت و له‌ رووى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شه‌وه‌ خزمه‌تگوزاریی زیاتر له‌و ناوچانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمی به‌عس دووچارى وێرانكارى بوون جێبه‌جێ بكات و هەوڵی بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە و هەموو کۆمەڵکوژییەکانی دیکە لە دژی خەڵکی کوردستان بدەین، بۆ ئەوەی گیانی شەهیدانمان ئاسودە بێت و قوربانییەکانیش قەرەبووی شایستە بکرێنەوە.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

2020/4/24