Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ریى كوردیدا

له‌یادی 122 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا، د.رێوازفایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایى ئاراسته‌ی رۆژنامه‌نووسان كردو تیایدا پاڵپشتیی خۆى بۆ هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ڕاستگۆو ھەقبێژانه‌ ‌دووپات كرده‌وه‌ كه‌ داكۆكیكاری سه‌رسه‌ختی ماف و ئازادی و داوا ڕه‌واكانی میلله‌ته‌كه‌مانن، كه‌‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
‎ڕۆژنامەوانانی بەڕێز.. پارێزه‌رانی ڕاستی و داكۆكیكارانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆژنامه‌نووسانی بوێرو چاونه‌ترس، له‌ناخی دڵمانه‌وه‌ پیرۆزبایی یادی 122 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیتان لێده‌كه‌ین و سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ شەھیدانی خاوەن خامە ئازاو ئازادەکان داده‌نه‌وێنین كه‌ له‌پێناو گه‌یاندنی ڕاستی و دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان له‌ تاریكترین ڕۆژگاردا ڕووبه‌ڕووی جه‌لاده‌كه‌یان بوونه‌وه‌و ڕۆڵی به‌رچاویان له‌ بونیادنان و دروستكردنی مێژووی پڕ له‌ سه‌روه‌ریی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا گێڕا.
‎له‌م یاده‌ پیرۆزه‌داو له‌ سۆنگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تیی یاساییمانەوە به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانم جارێكی تر پشگیری و پاڵپشتیی خۆم بۆ هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ڕاستگۆ و ھەقبێژانە ‌دووپات بکەمەوە كه‌ داكۆكیكاری سه‌رسه‌ختی ماف و ئازادی و داوا ڕه‌واكانی میلله‌ته‌كه‌مانن.
‎ ئومێدەواریشم دادگاكانی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نیی خۆیان له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای ڕۆژنامه‌گەری لە هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی ئه‌حكامه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان بسەلمێنن و به‌ده‌ر له‌وه‌ كار به‌هیچ ده‌ق و یاسایه‌ك نەکەن كه‌ سنووری ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه‌، هاوکات پاراستنی گیان و كه‌رامه‌تی ڕۆژنامه‌نووسان و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری یەکسان و زەمینەی لەباری ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی پابەندی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و تەواوی دامەزراوە دەستوورییەکانییەتی.
‎به‌ڕێزان ‌‎دیاره‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كاغه‌ز بیست ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی هه‌ژموونی ته‌كنه‌لۆژیاو ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌لیكترۆنی ‌‌وردە وردە پاشەکشەی کردوكۆڵیدا، ئه‌م به‌ره‌و دواوه‌ چوونه‌ی وه‌شاندن و چاپیش هه‌رزوو لێكه‌وته‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی به‌سه‌ر زۆرێك له‌ كایه‌ ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بییه‌كاندا به‌دیاركه‌وت و له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان خۆی ئاماده‌ بكات بۆ دووباره‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری، كه‌ تێیدا ئازادیی کاری ڕۆژنامه‌وانی له‌به‌رچاو بگیرێت له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی مافە گشتی و تاكه‌كه‌سییەکان و تایبه‌تمه‌ندیی هاووڵاتییاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 35ی ساڵی 2007 به‌ده‌ره‌ له‌ ئاماژه‌ كردن بۆ به‌كارهێنانی سۆشیال میدیاو میدیای ئه‌لیكترۆنی و ته‌له‌ڤزیۆن، ئومێده‌وارین تا هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ ڕۆژنامه‌نووسان له‌ ژێر كاریگه‌ری و ئه‌حكامی هیچ یاسایه‌كی دیكه‌دا ڕووبه‌ڕووی دادگا نه‌كرێنه‌وه‌.
‎له‌م بۆنه‌ مێژووییه‌دا هیواخوازم ژماره‌ (19)ی ڕۆژنامه‌ی (كوردستان) كه‌ تاوه‌كو ئێستا بزره‌و نەکەوتووەتە‌ بەر‌ چاوی خوێنه‌رانی كورد به‌ زووترین كات بدۆزرێته‌وه‌و له‌پاڵ 30 ژماره‌كه‌ی تریدا جارێكی دیکە بێتە وەشاندن و كتێبخانه‌ی كوردی ڕۆشن بكاته‌وه‌، ھەروەکو چۆن ژمارەکانی دیکەی بەھەوڵ و تەقەلای ڕۆشنبیران و توێژەرو خەمخۆرانی ڕۆژنامەگەریی کوردی دۆزرانەوە.
‎هه‌ر شادو سه‌رفرازبن، به‌رزو پیرۆز بێت یادی 122 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی.
‎د. ڕێواز فایه‌ق
‎سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
22ى نیسانی 2020