Skip to the content
Menu

به‌یاننامه‌ی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ته‌ندروستی پزیشكان و په‌رستاران

ئەمرۆ ٧ی نیسان کە رۆژی جیهانی تەندروستی پزیشکان و پەرستارانە، لێژنەی تەندرستی لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، ئەمە دەقی بەیاننامەکەیە:

كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ئازیز فه‌رمانبه‌ران و سه‌ربازه‌ وونه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی كوردستانیانی خۆشه‌ویست له‌كاتێكدا جیهان به‌گشتی ڕوبه‌ڕووی په‌تایه‌كی كوشنده‌ ده‌بێته‌وه‌ ،هه‌رێمی كوردستانیش له‌ژێر مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م ڤایرۆسه‌دایه‌ ،به‌رپرسیارێتی هه‌موو تاكێكی هه‌رێمه‌كه‌مانه‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ین و ببینه‌ هۆكاری ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م نه‌خۆشیه‌ و ته‌ندروستی گشتی هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌كه‌مان بپارێزین .

له‌م ڕۆژه‌دا سوپاس و پێزانینمان ئاراسته‌ی یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی پارێزه‌رانی ته‌ندروستی هاوڵاتیان ،له‌ پزیشكان و په‌رستاران و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌كه‌ین ،كه‌ به‌وپه‌ڕی هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارێتی له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ن و گیان و ته‌ندروستی خۆیان ده‌خه‌نه‌ ژێر مه‌ترسی له‌ پێناو ته‌ندروستی هاوڵاتیان .

هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا سوپاسگوزاری سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیانن له‌ پێناو پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان . لێره‌دا جارێكی تر پشتیوانی خۆمان بۆ ڕێككاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌،كه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م په‌تایه‌ به‌ پێی بنه‌مای زانستی و له‌ چوارچێوه‌ی یاسابه‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ پاراستنی ته‌ندروستی گشتی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان .

له‌م بۆنه‌یه‌دا داوا له‌هاوڵاتیانی خۆشه‌ویستی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن به‌ پێگیری كردن به‌ ڕێنماییه‌كانی حكومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ مه‌ترسیداره‌ تێپه‌ڕێنین .

كوردستان ئاوه‌دان ،كوردستانیان ته‌ندروست بن.

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان

٧/٤/٢٠٢٠