Skip to the content
Menu

بەیاننامەی لێژنەی کاروباری شەهیدان لەیادی ۳۳ ساڵەی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی

لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان لە یادی ٣٣ ساڵەی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە:

 ۳۳ْ ساڵ لەمەوبەر لە ۱۹۸۷/٤/۱٦ڕژێمی دڕندەی بەعسی لەچوارچێوەی تاوانە سیستماتیکەکانیدا بەچەکی قەدەغەکراوی کیمیایی گوندی شێخ وەسانان، بالیسان و گوندەکانی دۆڵی خۆشناوەتیان کیمیابارانکرد و سوچێکی تری بەتاوان دژ بەنەتەوەکەمان پیشان داو لەئەنجامدا چەندین هاووڵاتی کوردستان شەهید بوون و دەیان برینداریشی لێکەوتەوە، تەنانەت بە زیندوویش هەندێک لەبریندارەکان زیندەبەچاڵکران، کە ئەمە دژی هەموو بەها و پڕنسیپە ئەخلاقی و نێودەوڵەتییەکانە کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کراوە.

بۆیە ئێمە وەکو لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان هەوڵی تەواو دەدەین بۆ ئەوەی ئەو تاوانە و تەواوی تاوانەکانی تری دەرهەق بەگەلەکەمان کراوە بە جیهانیانی بناسێنین و لەو بوارەدا لۆبی بۆ دروست بکەین، هەروەها داوا دەکەین حکومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی ئەو دەڤەرە خۆڕاگرە بکاتەوە و داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین خزمەتی زیاتر بەو دەڤەرە و کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ئەو کارەساتە بکات.

لەم یادە خەمناکەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ کەس و کاری قوربانیانی شێخ وەسانان، بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی دادەنوێنین و دروود بۆ ڕۆحی شەهیدانمان دەنێرین.

لێژنەی کاروباری شەهیدان، قوربانیانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان

۲۰۲۰/٤/۱٦