بەیاننامەی هاوبەشی چەند لیژنەیەکی پەرلەمان لەبارەی دەستدرێژیکردنەسەر ئافرەتێکی کورد لەلایەن چەند چەکدارێکەوە
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت و لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ له پهرلهمانى كوردستان، لەبارەی ئەو دەستدرێژییەی کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کراوەتەسەر ئافرەتێکی کوردی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پردێ، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقهکەیەتى:
بەداخەوە کەسانێکی نەفس نزم کە سەر بەگرووپە میلیشیاییەکانن لەبازگەی پردێ دەستدرێژییان کردووەتەسەر ئافرەتێکی کوردی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە لەخێزانێکی هەژارن، سەرەڕای ئەوەی ئەمە کارێکی قێزەونەو دوورە لەبەهای ئەخڵاقی و مرۆڤایەتی، هەروەها پێشێلکردنی مافی تاکێکی کوردەو سوکایەتیکردنە بەئافرەت لەژێر ئەو دەسەڵاتە سەربازییە داسەپێندراوەی کە لەئێستادا لە کەرکوک بوونی هەیەو تاوانێکی بەمجۆرە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت.
ئێمە وەکو لیژنەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتە لەپەرلەمانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە دەکەین و داوا لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ وردبوونەوە لەڕووداوەکە دروست بکاو داوا لەو هێزانەش دەکەین تۆمەتباران تەسلیم بەدادگای سەربازی بکەن و تۆمەتبار بەگوێرەی یاسای سزادانی سەربازی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن، بۆئەوەی ئەم حاڵەتەو چەندین حاڵەتی تر کەمافی هاووڵاتییانمان لەم ناوچانە پارێزراوبن و دووبارە نەبێتەوە، داوا دەکەین هەرچی زووە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە چونکە تەنها ئەوان دەتوانن پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییانمان بکەن و کەرامەتیان بپارێزن.
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم
لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت
لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ
2020/4/10