Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی جیهانی کرێکاران پیرۆز دەکات

 بەبۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران ، د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کرێکارانی کوردستان و جیهان کرد، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

به‌ بۆنه‌ی 1ی ئایار ڕۆژی جیهانی كرێكارانه‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م كرێكارانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌ین. کرێکاران ڕۆڵێكی بونیادنه‌رانه‌و كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ ئاوه‌دانكرنه‌وه‌و به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنی هه‌ر وڵاتێك، و شوێن په‌نجه‌ی كرێكارانی كوردستان و ڕه‌نج و تێكۆشانی پاك و دڵسۆزانه‌یان له‌ بوژاندنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ماندا مایه‌ی شانازیی هه‌موو كوردستانیانه‌، له‌م یاده‌دا پشتیوانی ته‌واوی خۆمان بۆ داوا و مافه‌ ڕه‌واكانی كرێكاران ده‌رده‌بڕین، له‌ پێناو به‌دیهاتنی ژیان و گوزه‌رانێكی شایسته‌تر بۆیان، زۆر به‌داخه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ڤایرۆس و په‌تای كۆرۆنا ( كۆڤید19) كرێكاران له‌ هه‌موو جیهان ڕووبه‌ڕووی سه‌ختی و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی بێكاری بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی كردووەته‌ سه‌ر ژیان وگوزه‌رانی ملیۆنان خێزان، و ئەگەر لە وڵاتانی تر جۆرێک قەرەبوویان بۆ کرابێتەوە و لە مەترسی هەژاریی و نەداریی پارێزرابن، ئەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەمانتوانیوە ئەوەشیان بۆ بکەین و زۆرینەیان لەگەڵ خانەوادەکانیان لە خراپترین دۆخی ژیاندان، ئومێده‌وارین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كرێكاران به‌وپه‌ڕی وزه‌ و توانای جارانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان و ده‌رفه‌تی كاری زیاتریان بۆ بڕه‌خسێت و خاوه‌ن كار و كۆمپانیاكان قه‌ره‌بووی كاری له‌ده‌ستچووی ماوه‌ی ڕابردوویان بۆ بكەنەوە، هاوکات ئەرکی ئێمەیە لە پەرلەمان کە یاساکانی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک ڕێکبخەینەوە کە ئێستا و ئاییندەی کرێکاران مسۆگەر بکات.

جارێكی تر به‌رزو پیرۆز بێت جه‌ژنی كرێكاران، دروود بۆ گیانی پاكی هه‌موو ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ له‌كاتی كاركردندا گیانیان سپارد.

سه‌ربه‌رزو سه‌رفراز بن.

د. ڕێواز فایه‌ق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

٣٠/٤/٢٠٢٠