Skip to the content
Menu

د.رێوازفایه‌ق: "باشترین خزمەت بەكەسوكاری ئەنفالكراوان هێنانەوەی رووفاتی قوربانیانی ئەو پرۆسە بەدناوەیە"

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان به‌یاوه‌ریى ژمارەیەک لە ئه‌ندامانى په‌رله‌مان سەردانی قه‌زاى چەمچەماڵی کردو بەئامادەبوونی بەڕێز د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی تاجەگوڵینەى لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ئەنفال داناو رایگه‌یاند: "باشترین خزمەتێك كە بەكەسوكاری ئەنفالكراوان بكرێت هێنانەوەی سەرجەم رووفاتی قوربانیانی ئەو پرۆسە بەدناوەیە".
ئەمڕۆ سێشەمە 2020/4/14، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان به‌یاوه‌ریى ژمارەیەک لە ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، سەردانی قه‌زاى چەمچەماڵی کردو تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ئەنفال دانا.
پاشان سەردانی قایمقامیه‌تی قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵی كردو له‌لایه‌ن ره‌مك ره‌مه‌زان قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ پێشوازیى لێكراو له‌دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ناحیه‌كانی شۆڕش و ته‌كیه‌ی جه‌بارى و ئاغجه‌له‌ر و سه‌رۆكی شاره‌وانیی چه‌مچه‌ماڵ و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاسایش و پۆلیس و هاتووچۆ و ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنا ئاماده‌ی بوون، قایقامی چه‌مچه‌ماڵ باسى له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنا كردو رایگه‌یاند: "له‌ 2/23ه‌وه‌ ئاماده‌كاریی خۆیان وه‌رگرتووه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆڕۆنا و زاڵبوون به‌سه‌ریداو خۆشبه‌ختانه‌ تائێستا توانراوه‌ له‌ سنوورى قه‌زاكه‌ 2000 هاووڵاتی پشكنینیان بۆ بكرێ".
قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ زۆر سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد كه‌ له‌و رۆژه‌دا سه‌ردانی قه‌زاكه‌یانی كردووه‌و راشیگه‌یاند: "یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ سه‌رۆكێكی په‌رله‌مان له‌ 4/14دا به‌شداریى خه‌مه‌كانمان بكات و تاجه‌گوڵینه‌ له‌سه‌ر گڵكۆى شه‌هیدانی ئه‌نفال دابنێ"
لای خۆیه‌وه‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانیی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، سوپاسى قایمقام و ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆناى له‌قه‌زاكه‌ كرد كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان له‌ڤایرۆسى كۆڕۆناو رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى و جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان شه‌وورۆژ له‌ئه‌ركدابوون، هه‌روه‌ها سوپاسى هاووڵاتییانیشی كرد كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش پابه‌ندی رێنماییەكان بوون.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ستایشى ئه‌رك و ماندووبوونى پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسى ناوخۆو پۆلیسى هاتووچۆو پێشمەرگەو سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ترو فەرمانبەرانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى كرد كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ماندوونه‌ناسانه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسەدا بوون‌.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای دووپاتكردنەوەى زەرورەتی خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شه‌هیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند: "باشترین خزمەتێك كە بەكەسوكاری شه‌هیدان و ئەنفالكراوان بكرێت هێنانەوەی سەرجەم رووفاتی قوربانیانی ئەو پرۆسە بەدناوەیە كەلەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو دەرهەق بەگەلەكەمان كراوە"، راشیگەیاند: "وەك پێویست خزمەت بەكەسوكاری ئەنفالكراوان نەكراوەو دەبێت هەوڵی جدیی تر بدرێت بۆ ئاسوودەكردنیان"
ئه‌و سه‌ردانه‌ی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ چەمچەماڵ لەکاتێکدایە كه‌ ئەمساڵ بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەئێستادا بووەتە هەڕەشە بۆ سه‌ر جیهان هیچ رێوڕه‌سمێك بۆ مه‌رگه‌ساتی ئەنفالی گەلی کوردستان ئەنجام نادرێت.