Skip to the content
Menu

راگه‌یه‌ندراوى لیژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید له‌یادى ئه‌نفالى گه‌رمیاندا

به‌بۆنه‌ى یادى 32 ساڵه‌ی ئه‌نفالی گه‌رمیان، لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
ئەمڕۆ ۳۲ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یادی ئەنفالی ڕەشی گەرمیان کە بەقۆناغی سێیەمی ئەنفال دادەنرێت و هەموو ناوچەكانی چەمچەماڵ، سەنگاو، كفری، كەلار، قادركەرەم، دووز، پێبازو تیلەكۆو لەیلانی گرتەوەو زیاتر لە ٥٠٠ گوندو چوار ناحیە وێرانبوون.
رژێمی‌ بەعس بەشێوەیەکی دڕندانە بەهەزاران هاووڵاتیی کوردی بێدیفاعی لەمنداڵ و ئافرەت و گەنج و پیرو پەککەوتەی بەبێتاوان و تەنها لەبەرئەوەی کوردبوون لەبیابانەکانی سەماوەو عەرعەر زیندەبەچاڵ کرد، ئەم تاوانە لەمێژوودا یەکێکە لەتاوانە هەرە قێزەونەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و بەهەموو پێوەرێک دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.
لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان لەئەولەویەتی کارەکانیدا هەوڵدەدات لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەیسی ئەنفال بەجینۆساید بناسرێت و حکومەتی عێراق قەرەبووی خەڵکی ئەو ناوچانە بکاتەوەو ڕووفاتی پیرۆزی ئەو شەهیدانەش بەڕێزەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ.
لەم یادە کارەساتبارەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی گەرمیان دادەنوێنین و دروود بۆ رۆحی شەهیدانمان دەنێرین.
لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان
2020/4/13