سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ردانی ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەربەندیخانی كرد
لەچوارچێوەی سەردانە مەیدانییەکانیدا بەمەبەستی ئاگاداربوون لەدۆخی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئه‌مڕۆ پێنجشەمە 2020/4/2، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان سه‌ردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد‌و له‌لایه‌ن سه‌ڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ژووری ئۆپه‌راسیۆنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنا پێشوازیى لێكرا.
له دیدارێكدا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیداره‌ی گه‌رمیان روونكرده‌وه كه بۆ ستایشكردنى ئه‌رك و ماندووبوونى پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسى ناوخۆ‌و پۆلیسى هاتووچۆو پێشمەرگەو سه‌رجه‌م هێزه‌كانی تر‌و فەرمانبەرانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانه كه له‌و ماوه‌یه‌دا پێشمه‌رگه‌ئاسا له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی ئۆپه‌راسێۆنەکانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسەدا بوون، هه‌روه‌ها بۆ چاودێریی چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناو ئاستی به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دابینكردنی پێداویستیی یه‌كه ئیدارییه‌كان هه‌روه‌ها گوێگرتن له داواكاری و كاركردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنیان.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان داواى له بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی ئیدارەی خۆجێیی کرد کە بیرۆکەو پێشنیارەکانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەی ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەش به پەرلەمان بکەن، تاوەکو بەهاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت بڕیارێکی تەشریعی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو لێکەوتە ئابوورییانە بدەن کە بوونەتەهۆی زیانگەیاندن بە پیشەوەران و کاسبکاران و کرێنیشینان.
هاوکات سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه دەبێت حكومه‌ت له باجی دەرامەتی کاسبکاران و پیشەوەران و باجی خانووبەرەی ساڵێکى هاووڵاتییانی خاوەن موڵک خۆش ببێت بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن لەکرێی موڵکەکانیان خۆشببن، ھەروەھا وتیشی پێویستە حکومەت ساڵێک پێشخستن (قیده‌م) بدات بەو کارمەندو فەرمانبەرانەی کە لەکاتی کەرەنتینەدا لەئەرکی وەزیفیدا بوون و ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە ژێر کاریگەری و مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە.
دواتر سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سوپاس و پێزانینی خۆیان و ژووری ئۆپەراسێۆنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندو داوای‌کرد پەرلەمانی کوردستان بەردەوامبێت لەگوشارەکانی بۆ سەر حکومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتی و تەندروستیی زیاتر بۆ ناوچەکانیان.
هه‌ر هه‌مان رۆژ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى په‌رله‌مان سەردانی قەزای دەربەندیخانی كرد‌و لەلایەن ناسیح مەلا حەسەن قایمقامی قەزای دەربەندیخان و بەڕێوەبەری فەرمانگە حكومییەكانی قەزاكەوە پێشوازیی لێكرا.
لە دیدارێكدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە سوپاسی یەكەی ئیداری و كەرتی تەندروستیی شارەكەی كرد لە هەوڵەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكەو جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان، هەروەك سوپاسی تەواوی دامودەزگا ئەمنییەكانی كرد بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان.
سەرۆكی پەرلەمان ڕاشیگەیاند: "پابەندبوونیان بەڕێنماییە تەندروستییەكان دڵخۆشی كردوون و ئەوە نیشانەی هۆشیاریی خەڵكی شارەكەیەو هیواشی خواست بتوانن لەماوەیەكی كورتدا كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكە بكەن".
لە بەرامبەردا هەریەك لە قایمقامی قەزای دەربەندیخان و بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان سوپاسی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ خەمخۆریی بۆ شارەكەو پاڵپشتی و هاوكاریی كەرتی تەندروستی.