سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ردانی قه‌زاى سۆران و ناحیه‌ی خه‌لیفانی كرد
د.ڕێواز فایەق: "بەداخەوەم كه‌سانێك به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه لەكاروکاسبی و پیشه‌كانیان دابڕاون و قووتی ڕۆژانەیان نییە، به‌ڵام ته‌ندروستیی گشتى بووه به‌خه‌مێكی نیشتیمانی و هه‌موومان پابه‌ندی ڕێنماییەکانین"
له‌درێژه‌ی سه‌ردان و بهسهركردنهوهكانى بۆ شاروشارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان بەمەبەستی ئاگاداربوون لەڕهوشی ته‌ندروستی و رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه 2020/4/13، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان له فراكسیۆنه جیاوازه‌كان، سه‌ردانی قه‌زاى سۆران و ناحیه‌ی خه‌لیفانى كرد‌و سه‌ره‌تا له‌سۆران له‌لایه‌ن كرمانج عیزه‌ت قایمقامی قه‌زاى سۆران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ناحیه‌كانى سیده‌كان و خه‌لیفان و دیاناو ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌قه‌زاكه پێشوازیی لێكرا.
له‌دیدارێكدا كرمانج عیزه‌ت قایمقامى قه‌زاى سۆران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه قه‌زاى سۆران به‌وپێیه‌ی هاوسنووره له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێران و په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی پته‌و له‌نێوان خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و خه‌ڵكی كوردانی ئه‌و دیو له‌ئێران هه‌یه‌و له‌ماوه‌ى رابردوودا رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك كێشه‌و ئاسته‌نگ بوونه‌ته‌وه لهكۆنترۆلكردنی ئه‌و ڤایرۆسه‌دا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه توانیویانه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و باش دۆخه‌كه كۆنترۆل بكه‌ن و سوپاسی هاووڵاتییانیشی كرد بۆ پابه‌ندبوونیان به‌ڕێنماییه‌كان، هه‌روه‌ها ستایشی پزیشك و كارمه‌ندانى ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆى كرد بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان.
لای خۆیه‌وه د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانیی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ قه‌زاى سۆران، سوپاسى قایمقامی قه‌زاى سۆران و ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆناى له‌قه‌زاكه كرد كه له‌ماوه‌ى رابردوودا شه‌وورۆژ لهئهركدابوون بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان له‌ڤایرۆسى كۆڕۆناو رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى و جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، سوپاسى هاووڵاتییانیشی كرد كه تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش پابه‌ندی رێنماییەكان بوون.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ستایشى ئه‌رك و ماندووبوونى پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسى ناوخۆ‌و پۆلیسى هاتووچۆو پێشمەرگەو سه‌رجه‌م هێزه‌كانی تر‌و فەرمانبەرانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى كرد كه له‌و ماوه‌یه‌دا ماندوونه‌ناسانه له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسەدا بوون.
هه‌ر هه‌مان رۆژ د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاوه‌ریى قایمقامی قه‌زاى سۆران سه‌ردانی ناحیه‌ی خه‌لیفانی كرد‌و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كه‌وه پێشوازیی لێكراو له‌دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریى خۆی بۆ به‌پرسانی ناحیه‌كه‌و ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ناحیه‌كه، خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌وه‌ى كه ئه‌مڕۆ دوارۆژی كه‌ره‌نتینه‌كردنی ناحیهكهیهو سوپاسی خه‌ڵكی ناحیه‌ی خه‌لیفانی كرد كه به‌و شێوه جوانه پابه‌ندی رێنماییه‌كان بوون.
هه‌روه‌ها 400 به‌شه‌خۆراكی په‌رله‌مانى كوردستانیشی گه‌یانده دانیشتووانی ناحیه‌ی خه‌لیفان و كۆمه‌ڵێك پێداویستیی پزیشكیش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه پێشكه‌ش به‌قه‌زای سۆران كرا.
پاشان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژناوانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ قه‌زاى سۆران و ناحیه‌ی خه‌لیفان روونكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "ئێمه هاتووین پێتان بڵێین ئێمه به‌شێكین له‌ئێوه له‌گه‌ڵتان ده‌بین له‌خۆشی و ناخۆشییه‌كاندا"و راشیگه‌یاند: "پابه‌ندبوونى خه‌ڵك به‌ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و مانه‌وه‌یان له‌ماڵه‌كانیان ره‌نگه بووبێته هۆكاری له‌ده‌ستدانی كار‌و له‌ده‌ستدانی پیشه‌كانیان و زیانمهندبوونیان، به‌ڵام ته‌ندروستیی گشتى بووه به‌خه‌مێكی نیشتیمانی و هه‌موومان پێوه‌ی پابه‌ندین".
هه‌ر له‌كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ى باج و رسومات و كرێی كرێنشینان كرد‌و رایگه‌یاند: "لێره‌وه داوا له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین په‌له بكات له‌ده‌رچوواندنی ئه‌و بڕیاره‌ى كه‌تایبه‌ته به‌كه‌مكردنه‌وه‌ى باج و رسومات و چاره‌سه‌ركردنی كرێی كرێنشینان، چونكه هه‌ستده‌كه‌ین كه فشاره‌كه زۆربووه، هه‌م له‌سه‌ر ئیداره‌كان و هه‌م له‌سه‌ر په‌رله‌مانى كوردستان، به‌وه‌ى كه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن حكومه‌ت بڕیاره‌كه‌ی خۆى ده‌ربكات له‌سنوورى ده‌سه‌ڵاته یاساییه‌كانی خۆى و ئه‌گه‌ر پێویستیشی بهتهدهخولی ته‌شریعی هه‌بوو ئێمه بێگومان له په‌رله‌مانى كوردستان به‌هاوكاریی فراكسیۆنه‌كان هه‌موومان پێكه‌وه قسه‌مان ده‌بێت و ئه‌و ته‌ده‌خوله ته‌شریعییه ده‌كه‌ین و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌پابه‌ندبوون به‌ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان ئه‌گه‌ر پێویست بوو ئێمه خۆمان بۆ دانیشتنێك رێكده‌خه‌ین".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان باسی له‌بابه‌تی پێدانی (قیده‌م) بەو کارمەندو فەرمانبەرانەی کە لەماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و کەرەنتینەدا لەئەرکی وەزیفیدابوون و رایگه‌یاند: "ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه له‌سه‌نگه‌رى پێشه‌وه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆڕۆنان له پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و هه‌ر فەرمانبەر و کارمەندێک كه له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌شداربوون و به‌ركه‌وته‌ى راسته‌وخۆیان هه‌بووه له‌گه‌ڵ كۆی پرۆسه‌كه، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی خۆمان ناتوانێ هاندانێكی مادییان بۆ بكات به‌هۆی قه‌یرانی دارایی، به‌ڕه‌سمی داوا ده‌كه‌ین كه پێكه‌وه هاوئاهه‌نگی بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی ساڵێك خزمه‌تیان بۆ بخرێته‌سه‌ر خزمه‌ته‌كانیان به‌رمه‌بنای ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌پێی ماندووبوون".
هه‌روه‌ها سوپاسی دهزگاكاكانی راگه‌یاندنیشی كرد بەتایبەت ئه‌وانه‌ى بە به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌ڕه‌ی وڵاتی ئێمه له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی كۆڕۆنادا كردووه.