Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد
د.ڕێواز فایەق: "پارێزگای هەڵەبجە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو دەبێت هەموومان هاوکاریی ئیدارە خۆجێییەکەی بین بۆئەوەی بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا زاڵ بن"

له‌درێژه‌ی سه‌ردان و به‌دواداچوونه‌كانیدا بۆ پارێزگاكان و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌دۆخی ته‌ندروستیی تووشبوان و به‌ركه‌وتووانی ڤایرۆسی كۆڕۆناو ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/4/1، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی كردو له‌لایه‌ن ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و لیژنەی باڵای ئۆپه‌راسیۆنی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ستایشی ڕۆڵی تیمی ئۆپه‌راسیۆنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنای كرد كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا شێلگیرانه‌ شه‌ونخوونیان كێشاوه‌ له‌خزمە‌تی هاووڵاتییانی پارێزگاكه‌دا بۆ پاراستنیان و پارێزگاریكردن له‌ گیانیان، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی پەرلەمانی کوردستانی ده‌ربڕی بۆ هاووڵاتییانی هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌كه‌ كه‌ پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆ بوون له‌و ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا، ڕۆڵی پزیشک و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو پێشمەرگەی به‌كه‌م وێنه‌ وه‌سفكرد.
دواتر ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وردی دۆخی پارێزگاكه‌ی خسته‌ڕوو و باسی كه‌موكوڕییه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد له‌ڕووی كه‌میی بودجه‌و ته‌رخانكردنی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 118 كم سنووری له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێراندا هه‌یه‌و كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نییه‌و پێویستیی به‌ئاوڕلێدانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشتیی خۆی بۆ سه‌رجه‌م داوا ڕه‌واكانی پارێزگاكه‌ ده‌ربڕی و هیوای خواست كه‌ له‌زووترین كاتدا مرۆڤایه‌تی له‌م ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌ ڕزگاری بێت، گووتیشی نه‌خۆشییه‌كه‌ سه‌رتاپاگیره‌و پێویستیی به‌خۆڕاگریی زیاتره‌، هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر داواكاری و داخوازییه‌كانی پارێزگاكه‌دا ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان سه‌رقاڵی ده‌ركردنی بڕیارێكی ته‌شریعییه‌ به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و ئیداره‌ی پارێزگاكان به‌جۆرێک كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی خه‌ڵكی كاسبكارو كه‌مده‌رامه‌ت بێت، سه‌باره‌ت به‌و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆشیان له‌گه‌ڵ نه‌خۆش و به‌ركه‌وتووانی ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشتیوانیی پەرلەمانی بۆ شایستەیی پێشنیاری هاندانی مادی و مەعنەویی هەموو ئەو فەرمانبەر و کارمەندانە دەربڕی کە لەسەنگەری پێشەوەی پاراستن و چارەسەکردنی هاووڵاتییانن و لەلایەن ئیدارە خۆجێییەکانەوە پێشنیاریان بۆ کراوە.