لێژنەی پێشمەرگە ئیدانەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات
لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکیاندا ئیدانەی ئەو هێرشەی تیرۆریستانی داعشیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە کرد لە ناحیەی کوڵەجۆ لە گەرمیان ، ئەمە دەقی بەیاننامەکەیە:
وەکو لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی هێرشە تیرۆرستیەکەی داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ناحییەی کوڵەجۆ لە گەرمیان دەکەین کە بەداخەوە دووپێشمەرگەی لیوای ٥ی شارەزوور بە ناوی سورکێو رەشید و ئیسماعیل فارس شەهید بوون، و سەرەخۆشی لە خانەوادە بەڕێزەکەیان دەکەین، لێرەدا وەک لیژنەی پێشمەرگە هەر زوو لەرێگەی رێڤنگ هرۆری سەرۆکی لیژنە و عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنە پەیوەندی کراوە بە فەرماندەکانیان و بەفەرمی لەرێگەی ڕزگار محمد بڕیاردەری لیژنە، لیژنەیەکمان پێک هێناوە بۆ سەردانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شوێنی شەڕەکە، بۆ ئەنجامدانی بەدواداچوونی پێویست. بەداخەوە تیرۆریستان سوودیان لە بۆشایی ئەمنی بینیوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، ئێمە وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چەندین جار باسی مەترسی بۆشایی ئەمنی مان کردووە بە تایبەت لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، ئەمەش بووەتە هۆکار کە تیرۆریستان دەرفەتیان بوو برەخسێت بۆ هێرش کردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بۆیە داواکارین لە هێزی هاوپەیمانان و هێزەکانی عێراقی کە زیاتر هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بن بۆ پاراستنی سنووورەکان. وەک لیژنەی پێشمەرگە لەماوەی رابردوو بەدواداچوونی مەیدانیمان کردووە لە میحوەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر کەمی ئیمکانیاتی هێزەکانی پێشمەرگە، هەموو داواکارییەکانیان لە کەل و پەل و چەکی پێویستی سەربازی و بەهێزکردنی سەنگەرەکانیان و شێوازی دەوام کردن و باری گوزەرانی ژیانیان ، ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە. وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین کە سەرەرای شەونخونی و ئەنجامدانی ئەرکە سەختەکانیان، هەروەها ئەرکی شانیان لهگهل تیمهكانی تری بهرهنگاربوونەوەی ڤایڕۆسی كۆڕۆنا لهههرێم ئەنجام دەدەن. هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی ئاسایش و پولیس و سەرجەم پزیشک و کارمەدانی تەندروستی دەکەین کە لەم دۆخە سەختەدا پێشمەرگە ئاسا خۆیان خستووەتە مەترسییەوە بۆ پاراستنی خەڵک لەم نەخۆشییە و سوپاسی رێکارە ئەمنی و تەندروستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە.
لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان
٨/٤/٢٠٢٠