لە یادی ئەنفالی گەرمیان سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە
مونا نەبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە یادی ئەنفالی رەشی گەرمیان پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بە بۆنەی (٣٢)ەمین ساڵەی کارەساتی ئەنفالی گەرمیان، سڵاو بۆ گیانی بەرزە فری شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی کوردستان، ئەنفال تاوانێکی دژ بە هەموو بەها مرۆیی و ئایینی و ئەخڵاقییەکان بوو، شاڵاوێک بوو هیچ سنورێکی نەدەناسی، ئافرەت، پیاو، منداڵ، بەساڵاچوو، گرنگ لەناوبردنی ژیان بوو لە گوند و شارۆچکە و شارەکانی ئەم بەشەی کوردستان.
ئەنفال زامێکی ئەبەدەییە لەسەر جەستەی گەلێکی ستەمدیدە و نیشانەی دڵ رەقی و نەبوونی هیچ بەهایەکی ئەخڵاقی و مرۆڤدۆستی دوژمنانی گەلی کوردە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گەلی کوردستان بەرگری لەخۆی کرد و دووپاتیکردەوە کە گەلێکی زیندووە و هەردەم بەسەر زوڵم و ستەمدا زاڵدەبێت و ئێستا بەسەر بەرزی رووی لەداهاتووە.
یادکردنەوەی کارەساتی گەورەی ئەنفال دەبێت هاندەرمان بێت بۆ یەکریزی زیاتر و تەبایی سیاسی و پێکەوە کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان و رێگەگرتن لە دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیە، هەروەها هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی ئەنفال و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.
سڵاو بۆ روحی پاکی شەهیدانی کارەساتی ئەنفال و هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی کوردستان.
مونا نەبی قەهوەچی
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان
١٣/٤/٢٠٢٠