Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ شاندێكی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی كرد

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/4/28، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامانى لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستیی په‌رله‌مانى كوردستان، له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌شاندێكی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌دهه‌م ره‌شاد ئیسماعیل له‌ نوسینگه‌ی هه‌رێمیی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا ئه‌دهه‌م ره‌شاد ئیسماعیل نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی له‌ نوسینگه‌ی هه‌رێمیی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گرتنه‌به‌رى ئه‌و رێكارو رێنماییانه‌ی كه‌ بۆ پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان له‌مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا گرتیانه‌به‌ر كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌ی تووشبوو یاخود گیانله‌ده‌ستدان زۆر كه‌متر بووه به‌به‌راورد به‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشانده‌دات كه‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان زیاتر پابه‌ندبوونه‌ به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، هاوكات خۆشحاڵیی خۆشی راگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، هه‌رێمی كوردستان زووتر ده‌ستپێشخه‌ربووه‌و ڕێنمایی گرنگ و رێكاره‌كانی خۆپارێزیی زووتر ده‌ستپێكردو تائێستاش بەردەوامە.
لای خۆیه‌وه‌ هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێرای به‌خێرهێنانی شاندی رێكخراوى ته‌ندروستیی جیهانی بۆ په‌رله‌مان، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌رێكاره‌كان و هه‌نگاوه‌كانى خۆپارێزیی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆناو رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى و چاودێریكردن و به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانی بۆ ئه‌و رێكارو هه‌نگاوانه‌ خسته‌ڕوو و تیشكیشی خسته‌سه‌ر لێكه‌وته‌ نه‌رێنییه‌كانی كه‌به‌هۆی ئه‌و رێكارو هه‌نگاوه‌ خۆپارێزییانه‌وه‌ دروستبوون كه‌ كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان كردۆته‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان و راشیگه‌یاند: "پاراستنی گیانی هاووڵاتییان له‌ڤایرۆسه‌كه‌و زوو كۆنتڕۆلكردنی و رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌".
هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانى گه‌یانده‌ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی بۆ ئه‌و پشتیوانى و هاوكارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م ڤایرۆسه كه‌ تائێستاش مه‌ترسییه‌كانی هه‌ر به‌رده‌وامه‌‌و هیوای خواست كه‌ له‌پشتیوانی و هاوكارییه‌كانیان به‌رده‌وام بن.