Skip to the content
Menu

پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ رێگاگرتنی شارۆچكەی بالیسان و گیان لەدەستدانی كۆرپەلەیەك دەكات

 بەمەبەستی بەداواداچوون زانینی راستی رووداوی گیان لەدەستدانی كۆرپەلەكەی بالیسان لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر، دوێنێ‌ شەممە ۱۱/٤/۲۰۲۰ شاندێكی هاوبەشی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ و لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش ئەنجوومەنە خۆجێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ و بەیاوەری دكتۆر شایان كاكە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر و هەریەكە ئەندامانی پەرلەمان ئەرشەد حسێن لۆلان ئەندامی لیژنەی ناوخۆ بەئەندامیەتیی زانا مەلا خالد، سەردانی پارێزگای هەولێر و نەخۆشخانەی لەدایك بوون و ئافرەتانیان لە شاری هەولێر كرد.

دوای پێشوازییكردنی لیژنەكە لەلایەن د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لەلایەن لیژنەكەوە گفتوگۆ لەسەر زانینی هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو کۆرپەلەیەی ناحیەی بالیسانیان كرد لە نەخۆشخانەی لەدایك بوون لەشاری هەولێر، پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێر بەوردی باس لە كێشەو گرفتەكانی ئەم دواییەی ناحیەی بالیسان كرا. دواتر شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان سەردانی نەخۆشخانەی لەدایك بوون و ئافرەتانی شاری هەولێریان كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و پزیشكانی نەخۆشخانەكە كۆبوونەوە بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری وردەكاری رووداوەكەبن، لەلایەن ستافی نەخۆشخانەكە تەواوی چۆنیەتی پێشوازیكردن لە نەخۆشەكەو چارەسەركردنی لە رووی پزیشكیەوە بۆ لیژنەكە خرایەڕوو.

لەكۆتاییدا لیژنە هاوبەشەكە ئەنجامی بەدواداچوونەكانیان بەراپۆرتێك دەخەنە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی لەرێگای دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئیجرائاتی پێویست بەرامبەر ئەو كەسانە بگیرێتەبەر كە كەمتەرخەم بوونە.

شایانی باسە رۆژی 9/4/2020 پاش ئەوەی هاوسەری ئاراس حەسەن باری تەندروستی تێكدەچێت و دەیگەیەننە نەخۆشخانەی راپەرین ،دواتر بۆ نەخۆشخانەی بالیسان ، بەڵام بەهۆی داخستنی بازگەكان دوای سێ كاتژمێر ئینجا ئافرەتەكە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی لەدایك بوون و ئافرەتان لە شاری هەولێر، بەڵام رۆژی دواتر لەكاتی لەدایكبوونی كۆرپەكە گیان لەدەستدەدات.