Skip to the content
Menu

پەرلەمانی کوردستان و شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبوونەوە

سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌مه‌ ٢٦/٤/٢٠٢٠، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی هێمن هەورامی جیگری سەرۆکی پەرلەمان و ئامادەبوونی منى نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان و سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازییان لەشاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بەسەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە لەتەلاری پەرلەمان بەڕێوەچوو، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانى شاندی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، سوپاس و ستایشی پەرلەمانی کوردستانی بەسەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو سەرجەم تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەو سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان گه‌یاند کە لەماوەی رابردوودا لەچوارچێوەی ئەو توانا ئیدارییە سنووردارانەی کەهەیانبووە توانیان زۆر لەخۆبووردووانە رووبه‌ڕووی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە، کەهاوکات کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنیی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکرد، هەروەها دەستخۆشیی لەشاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەو سەردانەیان بۆ بەغداو کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی عێراقیی فیدراڵ لەسەر پرسی بودجەو نەوت و غازو کارەبا، لەمبارەیەوه‌ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشاندی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: "وەکو پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی گرتنەبەری سیاسەتی لێکتێگەیشتن و رێکكەوتنن لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ و رێگەی گفتوگۆو دیالۆگ بۆ چارەسەرکرنی ئەم کێشانەو وەرگرتنی شایستە داراییەکان بەپێویست دەزانن".
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌پرۆسه‌ی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و پەلەکردن لەئەنجامدانی كراو پەرلەمانیش وه‌ك ئه‌ركی یاسایی خۆی چاودێرو بەدوادواچوون بۆ پرۆسه‌كه‌ دەکات.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکیان خستەسەر لێکەوتە نەرێنییەکانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆناو دابەزینی نرخی نەوت کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی بۆتەوە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییی حكومه‌تى هەرێمی کوردستان باسی لەسەردانی شاندی حکومەتی هەرێم کرد بۆ بەغداو رایگه‌یاند: "بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەمانگی ١٢ی ٢٠١٩ لەسەر بودجەی ساڵی 2020، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات، بەمەرجێک حکومەتی عێراق سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم رەوانە بکات، ئەوەشیان بەشاندی دانوستانکاری بەغدا راگەیاندووە".
هه‌روه‌ها باسى له‌ هه‌وڵه‌كانی شاندی دانوستانكار كرد بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تى به‌غداوه‌ کە لە ١٦ی ئەم مانگە بەبڕیارێک لەلایەن ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگیرابوو، له‌وباره‌یه‌وه‌ وەزیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە نووسراوێکی فەرمییان گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆئەوەی رەزامەندی بدەن لەسەر ناردنی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست کە بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکاریی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە.
هاوکات شاندی دانوستانکار کۆکبوون لەسەر ئەوەی کەبابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان بەسیاسی کراوەو هەوڵێکە بۆ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان نیەت پاکی و هەموو هاوئاهەنگییەکی بۆ ئەم مەبەستە لەچوارچێوەی دەستوورو یاسا خستووەتەڕوو.
پاشان لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا سەبارەت بەمووچەی فەرمانبەران و سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان کە لەڕێگەیانەوە مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین دەکرێت و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە وەڵامی پێویستییان درایەوە.
لە بەشێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی دانوستکاری حکومەتی هەرێم بەپەرلەمانیان ڕاگەیاند: "حکومەتی هەرێم وەکو یەک تیم ڕووبەڕووی هەموو قەیران و ناحۆشییەکان دەبینەوەو پێداگیری دەکەین لەهەر شتێک کە سوودبەخش بێت و لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت ئەنجامی دەدەین".
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.