پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یادی کارەساتی ئەنفالی گەرمیان
لە یادی ۳۲ ساڵەی کارەساتی ئەنفالی گەرمیان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
۳۲ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالی ڕەشی گەرمیان، کە تێیدا بە هەزاران منداڵ و ئافرەت و گەنج و پیر لەلایەن ڕژێمی بەعسی دڕندە، بۆ بیابانەکانی عێراق گوازرانەوە و زیندە بەچاڵکران. ئەو تاوانە تەنها دەرهەق بە گەلی کوردستان نەکراوە، بەڵکو تاوانێکە دژ بە هەموو مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە، و هاوتای هەموو تاوانەکانی تری دژ بە مرۆڤایەتی دەچێتە خانەی جینۆساید کە خەڵکی ئەو دەڤەرە بە تاوانی کورد بوون کۆمەڵکوژکران و خاک و ماڵەکانیشیان وێران کرا.
لێرەوە موکوڕتر لە جاران پێداگیری دەکەین، کە ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بە جینۆساید بناسێندرێت و قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکرێتەوە و بەڕێزەوە هەموو ڕووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، پەرلەمانی وڵتانی جیهانیش هاوشێوەی هەموو جینۆسایدەکانی دیکەی دژی مرۆڤایەتی، بە جینۆسایدی بناسێن و بیکەنە سەرەتاییەک بۆ قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی و ماددی گەلی کوردستان.
لەو یادە تراژیدیەدا سڵاو دەنێرین بۆ ڕوحی پاکی قوربانیانی ئەنفالی گەرمیان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان و سەری ڕێز و نەوازش بۆ کەس و کارییان دادەنوێنین.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
13/4/2020