Skip to the content
Menu

راگەیاندراوێك لەلیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان-ەوە

لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەپێشنیازەیاسای "رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان-عێراق"، كەنیگەرانیی بەشێك لەنووسەران و میدیاكارانی لێكەوتووەتەوە، بڵاوكردنەوەی ئەم راگەیاندراوەی بۆ رای گشتیی كوردستان بەپێویست زانی:
‎1- ئەم پێشنیازە یاسایە لەلایەن دوو راوێژكاری پەرلەمانەوە گەڵاڵەكراوە كەپێشتر هەریەكێكیان ئەزموونی زیاتر لە 15 ساڵ كاری میدیاییان هەبووەو بڕوانامەی بەرزی ئەكادیمییان لەو بوارەیشدا هەیەو بڕوای تەواوەتیشیان بەپرەنسیپەكانی ئازادیی بڵاوكردنەوەو بەرپرسیارێتیی لەبڵاوكردنەوەدا هەیە.
‎2- ئەم پێشنیازەیاسایە كە بەئیمزای (53) پەرلەمانتار لەفراكسیۆنەكانی بەشدار لەحكومەت و دەرەوەی حكومەت ئیمزاكراوە، پڕۆژەی هیچ حزب و كەس و لایەنێك نییە، بەڵكو بووەتە پێشنیازەیاسای (53) پەرلەمانتار كەئیمزایان لەسەر كردووەو لەدانیشتنی تایبەت بەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازەیاساكەیشیاندا بەشداردەبن لەزیاتر باشكردنی پێشنیازەیاساكەیان.
‎3- لەبەر نەبوونی یاسای تایبەت بەمیدیای ئەلیکترۆنی دادگاکان لەبەشێكی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەی ئەلیكترۆنیی بەپێی "یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لەهەرێمی كوردستان-عێراق/ یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008"، یان یاسای عقوباتی عێراقی لێپێچینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس دەكرێت كەتاوانكار حوكمی حەپسكردن دەیگرێتەوە، بەڵام لەم پێشنیازەیاسایەدا هیچ حوكمێكی حەپسكردن، یان تەنانەت دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووسانی میدیای ئەلیكترۆنی رێگه‌پێنەدراوەو تەواوی ئەو ئەندامانەی ئیمزایان لەسەر كردووە دژی زیندانیكردنی رۆژنامەنووسانن و پێداگری دەكەن لەسەر فراوانكردنی رووبەری ئازادیی بڵاوكردنەوە، سەرەڕای پاراستنی كەرامەت و ئابڕووی هاونیشتیمانییان بۆئەوەی لەمیدیاو سۆشیالمیدیاوە چیتر بەناوی خوازراوەوە سوكایەتی بەپیرۆزییەكان و كەرامەتی هاونیشتیمانییان نەكرێت و لەبەرانبەردا تاوانكار تەنها "غەرامە"ی دارایی بكرێت، نەك حەپسكردن، وەك چۆن لەیاسا بەركارەكانی دیكەدا جێگیركراون کەئەمە ئامانجی سەرەکیی پێشنیازەکەو خواستی ڕۆژنامەنووسانە.
‎4- بۆ ئەم پێشنیازەیاسایە دەرفەتێکی زۆرو کراوەمان لەبەردەستە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت و ئەم پێشنیازەیاسایە خوێندنەوەی دووەمی بۆ ناكرێت تائەوكاتەی بەبەشداریی میدیاكارانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕانی بواری میدیاو نوخبەی یاساناسانی بواری میدیا، "وۆركشۆپ"ی لەهەولێر و سلێمانی بۆ دەكرێت بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی پێشنیازەیاسایەكەو بەهێندوەرگرتنی رەخنەو پێشنیازەكانی پسپۆڕانی ئەم بوارە، كەدواتر لەنێو راپۆرتی هاوبەشی لیژنەكانی "رۆشنبیری"و "شارەوانی و گواستنەوه‌و گەیاندن"و لیژنەی "كاروباری یاسایی" پەرلەماندا پێشنیازەكانیان جێگیر دەكرێن.
‎5- ئەم پێشنیازەیاسایە بۆ بەرتەسەككردنەوەی ئازادیی میدیا نییە، هیچ جۆرە چاودێرییەکی پێش وەختە ناخاتەسەر سۆشیاڵمیدیاو ئازادیی ڕادەربڕینی تەواوی تێدا فەراهەمکراوە ئەم پێشنیازەیاسایە بۆ پاراستنی كەرامەتی هاونیشتیمانییانە لەسووكایەتیكردن پێیان لە"سۆشیالمیدیا"و هەروەها گەڕاندنەوەی بەرپرسیارێتیی نووسین و قسەكردن لەسۆشیالمیدیاو میدیای ئەلیكترۆنییەوە لەپێناو دروستكردنی كۆمەڵگه‌یەكی تەندروست و هاوبەرپرسیار، نەك كۆمەڵگه‌یەك كەخەڵكانێكی "پۆپۆلیست"و نابەرپرسیار بەناوی خوازراو و پەیجی "فەیك"ەوە سووكایەتی بەتەواوی هاونیشتمانییان بكەن و لەدادگایش كەیسەكانیان یەكلایی نەكرێتەوە.
‎6- ئەوەی دەگووترێت گوایا بەپێی ئەم پێشنیازەیاسایە نووسینی "كۆمێنتێك" لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەپێی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تێرۆر) لەهەرێمی كوردستان-عێراقدا/ یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006" مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، قسەیەكی ناڕاستەو تەنها لەنێو پێشنیازەیاساكەدا ئاماژە بەوەكراوە: هەر پرسێك پەیوەندیی بەتێرۆر هەبێ لەبڵاوکراوە ئەلیکترۆنییەکان ئەوا بەیاسای تیرۆر کاری لەسەر دەکرێت کەئەو یاسایە بەرکارەو کاری پێدەکرێت ئەگەر ئەو بڕگەیە لابدەین یان ئاماژەشی پێنەدەین ئەو یاسایە هەر بەرکارە، بۆیە بەلامانەوە سەیرە ئەو بڕگەیە بەلاڕێدا دەبرێت بۆئەوەی شەقامی پێ چەواشە بکەن، ئەگەر ئەم بڕگەیەش بەمەترسی دەزانن ئەوا لەپێشنیازەیاساکە لایدەبەین بۆئەوەی دڵنیایی زیاتر بەهاونشتیمانییانمان بدەین.
‎نووسەران و میدیاكارانی خۆیشەویست دڵنیادەكەینەوە ئەم پێشنیازەیاسایە خوێندنەوەی دووەمی بۆ ناكرێت تائەو كاتەی پێشنیازو بۆچوونەكانی ئێوەی بۆ زیاد دەكرێت، بەشێوەیەك كەخزمەتی ئازادیی كاری بڵاوكردنەوەو رێكخستنەوەو پاراستنی كەرامەتی هاونیشتیمانییان بكات.
‎لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی کوردستان
2020/8/16