Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر كرد

له‌دیداری نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر، دواین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان وعێراق و ۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا تاووتوێ كرا.
ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/8/17، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازيی له‌ ڕۆب ۆڵه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر كرد.
له‌دیدارێكدا باسى دواپێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عێراق كراو سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاڕاسته‌ی به‌ڕێز ۆڵه‌ر كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌م پۆسته‌ تازه‌یه‌یدا وه‌ك كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر، له‌درێژه‌ی قسه‌كانیشیدا سوپاسی وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای كرد كه‌ له‌ڕابردوودا پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بوون له‌شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا.
سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، د.ڕێواز فایه‌ق ڕایگه‌یاند: "عێڕاق قووڵایی ستراتیژیی ئێمه‌یه‌و هه‌رێمی كوردستان هیچ ده‌رفه‌تێكی له‌به‌رده‌مدا نییه‌ جگه‌ له‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێڕاقدا".
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی و پرۆسه‌ی چاكسازی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "‌پرۆسه‌ی چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌و ده‌بێت فراوانتر بكرێت و داهاته‌كانیش بگرێته‌وه‌ نه‌ك به‌ته‌نها خه‌رجییه‌كان، چونكه‌ ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ئێستا ده‌چێته‌ ناو خه‌زێنه‌ی گشتی، بۆیه‌ پێویسته‌ چاكسازییه‌كان له‌خه‌رجی و داهاتیش بكرێن".
لای خۆیه‌وه‌ ڕۆب ۆڵه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و هیوای خواست كه‌ له‌ئاینده‌دا بتوانن هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ تێپه‌ڕێنن كه‌ له‌ئێستادا ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه‌.