شاندێكی لیژنەی کشتوکاڵ سەردانی کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی پەتاتە لەدھۆک دەکات
شاندێكی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لهپەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەو ئهندامیهتیی سهفین گهردى بڕیاردهرى لیژنهو سیپان ئامێدی ئهندامانى لیژنهكهو راوێژكارى لیژنهكه سەردانی چەند کێڵگەیەکی بەرھەمھێنانی پەتاتەى لەسنووری پارێزگای دھۆک و قەزای بەردەڕەش دەکات و لەنزیکەوە لەکێشەی جووتیاران دەکۆڵێتەوەو گرفتی بەقاچاخھێنانی پەتاتەش لەسنووری گەرمیانەوە چارەسەر دەکات.
سەردانەکە بۆ ئاگاداربوون بووە لەگرفتی جووتیاران و گەیاندن و ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی چارەسەرکردنیان و برەودانی زیاتر بەو کێڵگانە کە لەئێستادا بەشی ھەره زۆری بەرھەمی ناوخۆ دابین دەکات و ھەزاران دەرفەتی کاریشی بۆ خەڵک ڕەخساندووە.
ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەک ساردخانەی گەورەش دروستکراون کەبەرھەمی ئەو کیڵگانەی تێدا ھەڵدەگیرێت و کێڵگەکانیش ھەردوو جۆری پەتاتەی (چپس و فینگەرو ئاسایی) بەرھەمدەھێنن، بەڵام چەند کێشەیەکیان ھەیە لەوانەش:
١. لەسنوورەکانەوە خەڵکانێکی چاوچنۆک بەقاچاخ و بەرتیل دان بەھەندێ لایەن پەتاتە دەھێننە ھەرێمی کوردستان کەئەمە زۆر خراپە، بەتایبەتی ھەندێ لەجووتیاران باسیان لەوە کرد کە لەسنووری گەرمیانەوە ئەو پەتاتە قاچاخە دێتە ناو ھەرێم.
بۆ ئەو مەبەستەش عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی کوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەسەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە دەکات و گرفتەکەی تێدەگەیەنێت لەدەرئەنجامدا ئێستا بەقاچاخھێنانی پەتاتە لەو سنوورەوە بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان نەماوەو بەڵێنی بەسزاگەیاندنی پێشێلکارانیشی داوە.
٢. کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی پەتاتە بەھەموو جۆرەکانییەوە دەتوانن پێداویستیی ناوخۆ لەپەتاتەی ئاسایی و پەتاتەی چپس و پەتاتەی فینگەریش پڕبکەنەوەو بۆ ئەو بەرھەمە چیتر ھەرێمی کوردستان پێویستیی بەپەتاتەی ھاوردە نییە.
گەورەترین گرفت و کێشە لەبەردەم جوویتاران و بەرھەمھێنەرانی پەتاتەدا خودی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کەتەواو خەمساردو بێباکەو مامەڵەی وەک پێویست نییە لەگەڵ ئەم بابەتە گرنگەو بەشێک نییە لەچارەسەری گرفتی جووتیاران و پاڵپشتیی بەرھەمی ناوخۆ.
خۆشبەختانە ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتە بەھەموو جۆرەکانییەوە زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار تەن بووە، لەسەرتاسەری عێراقیشدا دەستی کاری بۆ ٢٥٠ ھەزار کەس ڕەخساندووە بەھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی کاری تێدا دەکەن لەبەرھەمھێنان تا فرۆشتن.