Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی یاسایی راپۆرت له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/8/19، لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د.بژار كۆچه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو. تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی بڕگه‌و مادده‌كانی پرۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق كرا، ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاسایی پێشنیازو تێبینییه‌كانیان له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ناوونیشان و ماده‌و بڕگه‌كان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پرۆژه‌یاساكه‌ خسته‌روو.
بریاریشه‌ سه‌عات 10:30ى سه‌رله‌به‌یانیی سبه‌ی 2020/8/20، كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی یاسایی به‌رده‌وام بێت بۆ ته‌واوكردنی راپۆرته‌كه، دوای ته‌واوكردنی رێككاره‌كانی لیژنه‌كه‌، راپۆرته‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت ‌بۆ ته‌واوكردنی رێككاره‌یاساییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م.
جێی ئاماژه‌یه‌ پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق، له‌دانیشتنی ژماره‌ 6ی ئاسایی رۆژی 2020/7/27 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.