Skip to the content
Menu

لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت بەدواداچوون بۆ رێژەی توندوتیژی دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا ده‌كات

بەمەبەستی بەدواداچوون لەپێناو بەراوردکردنی رێژەی توندوتیژی دژ بەئافرەت و خێزان لەپێش و دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/8/23، بەسەرپەرشتیی لەنجە ئیبراهیم دزەیی سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان و بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكى لیژنەو ئەندامان و راوێژكارانى لیژنەكە كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا جگە لەگفتوگۆكردن لەسەر دیاریكردنی میكانیزمی چۆنیەتیی كاركردنی لیژنەكە لەداهاتوو بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆڕۆنا كراو تەواوی ئەندامانی لیژنەكە كۆكبوون لەسەر میكانیزمەكە.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكه‌دا بڕیاری پێكهێنانی دوو لیژنەی لاوەکی درا بۆ بەدواداچوون و بەراوردکردنی رێژەی توندوتیژی كە لەئێستادا هەیە لەگەڵ ساڵێک پێشتر. کاری ئەم لیژنانە بەسەردانیكردنی مەیدانی بۆ دادگاكان و ماڵی داڵدەدان و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و ئەنجوومەنی باڵای خانمان و چاكسازیی ئافرەتان، بەمەبەستی دیاریكردنی هۆكارەكانی.
هەروەها لەکارەکانی لیژنەکان بەرەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی لەپەتای کۆڕۆنا دەبێت.