لیژنەی شەهیدان كار لەسەر هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان دەكات
بەمەبەستی تاووتوێكردنی هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و پرسی سەردانیكردنی بەغدا بۆ بەدواداچوونى كێشەكان، پێشنیوەڕِۆی ئهمڕۆ دووشەمە 2020/8/31، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو ژمارەیەك لەئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك یاسا سەبارەت بەجینۆسایدو كەسوكاری شەهیدان و منداڵە ونبووەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، لیژنەكە بهگرنگی زانی سەرەتا كار لەسەر هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان بكات، لەبەرئەوەی كێشەی تێدایەو پێویستە بەیاسا چارەسەریان بكات .
هەر لەكۆبوونەوەكەدا لیژنە بڕیاریدا بهپێكهێنانی چوار لیژنەی لاوەكی بەمەبەستی سەردانیكردنی مەیدانیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی شەهیدان لەهەرێمی كوردستان بۆ چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ كارەكانی لیژنەی چاكسازی لەپارێزگاكاندا.
بڕیارێكی تری لیژنەكە بریتی بوو لەئەنجامدانی وۆركشوپێك بەبانگهێشتكردنی رێكخراوەكانی جینۆسایدو شەهیدان و ئەنفال لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و كەسانی پسپۆڕو شارەزا بۆ سوودوەرگرتن لەئەزموونی ئەوان و زانكۆكانی هەرێم و وەرگرتنی تێبنییەكانیان.
ههروهها لیژنە بڕیاری ئەوەشیدا كه لەداهاتوودا سەردانی بەغدا بكات بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكانی شەهیدان و جینۆسایدو قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا تەواوی لیژنەكە كۆكبوون لەسەر ئەوەی كەپێویستە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، تایبەتمەندیی لیژنەی شەهیدان لەبەرچاو بگرێت و گرنگیی زیاتر بەلیژنەكەیان بدات، چونكە پەرلەمان و حكومەت بەخوێنی شەهیدان بەرهەم هاتووە.