Skip to the content
Menu

لیژنەی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ پێشێلكارییەكان و توندوتیژیی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی رەوشی سزادراوان لەچاكسازییەكاندا بەئامانجی پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ و بەدواداچوون بۆ پێشێلكارییەكان و توندوتیژیی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌مه 2020/8/23، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان بەسەرپەرشتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنه‌و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بریاردەرو ئەندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووەوە.
تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لەتاووتوێكردنی بابەتی رەوشی سزادراوان لەچاكسازییەكاندا بەئامانجی پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤی سزادراوان و بەدواداچوون بۆ دۆسییەكانیان، كەلەماوەی رابردوودا لەسەردانێكی مەیدانی لیژنەكە بۆ چاكسازییه‌كان سزادراوان هەیان بوو.
پاشان باس لەپێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ كرا لەئەنجامی توندوتیژیی خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا.
لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لەبابەتی بەشداریكردنی جێگری سەرۆكی لیژنە لەكۆنفڕانسی داڕشتنی پرۆژەی پلانی ستراتیژیی حكومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی منداڵی سەرشەقام كەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كرا، لەرۆژی ١٩/٨/٢٠٢٠ ئەنجامیدا.

هه‌ر لەكۆبوونەكەدا لیژنە بریاریدرا داوا لەدەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی پەرلەمان سەبارەت بەچاكسازییەكان و رەوشی زیندانیان و چارەسەركردنی كێشەكەنیان، ئەمەش لەكاتێكدایە لیژنە ماوەیەك لەمەوپێش راپۆرتێكی تێروتەسەلی ئادەماكردبوو لەسەر داواكاری و كێشەو گرفتەكان و رەوشی سزادراوان لەچاكسازییەكاندا، بۆئەوەی لەنزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی پەرلەمانی لەسەر بكرێت.
لەبڕیارێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە، لیژنەیەك پێكهات بەسەرۆكایەتیی سەرۆكی لیژنەو ئەندامێتیی ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌، بەمەبەستی سەردانیكردنی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بێت لەئەنجامی توندوتیژیی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس، بەمەبەستی بەدواداچوون و ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار بەئاڕاستەی چارەسەركردن و دووبارەنەبوونەوەیان.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەرجەم ئەو نوسراو و سكاڵاو یاداشتانەی ئاڕاستەی لیژنەكە كرابوو، خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەركراو بڕیاری پێویستی لەسەردرا، كەئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار بكرێت ، بەمەبەستی بەدواداچون و چارەسەركردنی گرفتەكان .