لیژنەی پێشمەرگە ئەنجامی سەردانی نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگەى لەگەڵ وەفدی عێراقی بۆ ئەمریکا تاووتوێ کرد
ڕۆژی یهكشهمه 2020/8/30، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لهپهرلهمانی كوردستان بەسەرپهرشتیی رێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەو بهشداریى جێگرى سهرۆكی لیژنهو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەكه کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس ئەنجامدا.
لەكۆبوونەوەكەدا كه عەمید هەژار بەڕێوەبەری بەشی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لەوەزارەتی پێشمەرگە بهشداربوو تیایدا کە لەهەمان کاتدا نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بووە کە لەگەڵ وەفدی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکای کردبوو بۆ بەشداریكردن لەدیالۆگی ستراتیژیی ئەمریکی عێراقی، گفتوگۆ لەسەر سەرجەم ئەو تەوەرانە کرا کەتایبەت بوون بەهێزەکانی پێشمەرگەو ئەو بابەتانەی کە لەکۆبوونەوەکانی حکومەتی عێراق و ئەمریکاو هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کرابوو، وەک ئەو هاوکارییانەى حکومەتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بابەتی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە، بابەتی چاکسازی لەهێزەکانی پێشمەرگە، پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە، چاکسازی لەخانەنشینیی پێشمەرگە، دواتر هەریەک لەئەندامان راوو تێبینیی خۆیان خستەڕوو.