Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە لەچاودێریکردنی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی به‌پابه‌ندبوون به‌جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بەردەوامە

بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتیی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و جێبەجێکردنی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بۆ خۆپاراستن لەڤایرۆسی کۆڕۆنا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە 2020/8/5، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی له‌په‌رله‌مانى كوردستان بەچەند شاندێکی جیاواز سەردانی بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەکانی دھۆک و سێمێڵ و ڕانیەو کۆیەو شەقڵاوەو سۆران و ڕەواندوز-ی کرد.
سەرەتا شاندێک بەسەرۆکایەتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی موسلیم عبداللە جێگری سەرۆکی لیژنەو ڕاھی ڕەھبەرو شەمۆل ئاشتی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ سەردانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی قەزای کۆیە-ی کردو لەنزیکەوە کێشەو کەموکوڕییەکانیان یاداشت کردو دواتر شاندەکە بەرەو ئیدارەی ڕاپەرین بەڕێکەوتن و لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی سنوورەکە کۆبوونەوەو ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەیان بەسەر کرده‌وە بۆ دڵنیابه‌ون لەجێبەجێکردنی ڕێنماییەکان و چۆنیەتیی ئەنجامدانی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان.
ھەرئەمڕۆ شاندێکى لیژنه‌ی پەروەردە كه‌پێکھاتبوو لە ھلز ئه‌حمه‌دو فەرید یه‌عقوب ئەندامانی لیژنەكه‌ سەردانی بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەردەی دھۆک و قەزای سێمێڵ-ی کردو لەنزیکەوە چاودێریی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیان کردو سەرنج و تێبینییەکانیان لای خۆیان یاداشت کرد.
لەھەمان ڕۆژدا شاندێكی دیكه‌ی لیژنه‌كه‌ كه‌پێكهاتبوو له‌ گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەو مامۆستا سیروان شارەزا لەلیژنەی پەروەردە بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی شەقڵاوەو ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەیا له‌و شارۆچكه‌یه‌ بەسەر کردەوەو لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی دەڤەرەکە گفتوگۆیان کرد لەسەر کێشەو بەربەستەکان و چارەسەری کەموکوڕییەکان.
ھەر ئەمڕۆ شاندێكی دیكه‌ی لیژنه‌كه‌ كه‌پێكهاتبوو له‌ زێدان برادۆستی و حه‌سیبە گەردی ئەندامانی لیژنەكه‌ سەردانی قەزای سۆران و رەواندوز-ى کردو لەنزیکەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەو پابەندبوونی مامۆستایان و قوتابیانیان بەڕێکارە تەندروستییەکان کردو لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی ناوچەکە کۆبوونەوەو تاووتوێى کێشەو گرفتەکانیان کردو سەرنج و تێبینییەکانیان خستەڕوو.
وا بڕیارە کۆی سەرنج و بەدواداچوونەکانی سەرجەم سەردانەکان لەڕاپۆرتێکدا ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار بکرێت بۆ کاری پێویست و بەرچاوڕِوونی و چارەسەرکردنی کێشەکان.