Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ‌17/8/2020، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ڕۆب واله‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا كه‌ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان ئاماده‌یبوون، هێمن هه‌روامی به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌كونسوڵی كشتیی ئه‌مریكا كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێ له‌هه‌رێمی كوردستان، پاشان به‌وردی تیشكی خسته‌سه‌ر دۆخی ته‌ندروستی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناو لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانى له‌هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و جموجۆڵه‌كانی داعش و ئاماژه‌شی به‌هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌هه‌رێمی كوردستان كردو رایگه‌یاند: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كارنامه‌ی كابینه‌ی خۆیدا به‌ڕوونی باسی له‌ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا كردۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی كارگێڕی و دارایی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشت و هه‌ماهه‌نگ ده‌بێ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا".
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا-ش، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیری له‌هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر‌كردنى كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداو رێككه‌وتنیان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا ده‌كات".
لای خۆیه‌وه‌ ڕۆب واله‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرده‌وه‌.
هه‌ردوولا گفتوگۆشیان له‌باره‌ی جموجۆلی داعش و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌جیهاندا كرد.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌پێویستیی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی باشتر له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و كۆنگرێسی ئه‌مریكا.