Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌یادی 32 ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفالی بادیناندا

به‌بۆنه‌ی یادی 32 ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفالى بادینان، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
یادی 32 ساڵه‌ی کارەساتی ئەنفالى بادینان یه‌كێكى تره له‌تاوانە‌‌ دڕندانەكانی رژێمی به‌عس دژ بەگه‌لی كوردستان مرۆڤایەتى و به‌تاوانى جینۆساید له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، رژێمى به‌عس بێ جیاوازیکردن لەنێوان پێکهاتەو ئاین و ئاینزاکان، کریستیان و موسڵمانانى له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ کردە ئامانج و مزگەوت و دێرو کڵێساو مەزارگەکانى خاپوورکردن، دەستى لەمرۆڤ و ژینگەو سیماکانى ژیان نەپاراست و تاوانێکى بێوێنەى لەمێژووى مرۆڤایەتیدا ئەنجامدا.
لەدواین قۆناغی ئەنفال لە 8/25 تا 9ی ئەیلولی ساڵی 1988، جارێکی دیکە رژێمی بەعس دەستی رەشی خۆی خستەوە گیانی خەڵکی سیڤیلی کوردستان و لەدەڤەری بادینان دواین زنجیرەی تاوانکاریی بەناوی ئەنفالی بەڕێوەبرد.
لەم یادە دووپاتی هەڵوێستی خۆمان دەکەینەوە بۆ هەرچی زیاتر کارکردن بۆ ناساندنی تاوانکارییەکانی دژی خەڵکی کوردستان بەجینۆسایدو مکوڕین کەدەوڵەتی عێراق بەپێی دەستوور ئەبێت بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانیان لەئەستۆ بگرێت و تەواوی مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان بسەلمێنێت، هاوکات کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بەرپرسە لەگەرەنتیکردنی پاراستنی خەڵکی کوردستان لەدووبارەنه‌بوونەوەی کارەساتی لەمشێوەیە.
خەڵکی کوردستان تەنیا بەهۆکاری ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانییان بوونە ئامانجی دەستدرێژى و تاوانکاریی دوژمنان و نەیارانمان، ئەوەی کەبەردەوام بەری بەشاڵاوە دڕندەکان و تەماعی دوژمنان گرتووە خۆڕاگریی میللەتەکەمان و ئازایەتیی ڕۆڵە قارەمانەکانی و پاراستنی یەکڕیزیمان بووە، بۆیە پێویستە لەداکۆکیکردن و چەسپاندنی زیاتری مافەکانی خەڵکی کوردستان، هێزە سیاسییەکان و رۆشنبیران و خەڵکی کاریگەری کۆمەڵگه‌ بەیەکەوە پێداگیریی زیاتر بۆ چەسپاندنی مافەکان بکەن و کۆتایی بەهەموو جۆرە ناکۆکییەک بهێنرێت بۆ بەهێزتر نیشاندانی خواست و داواو مافی خەڵکی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان
2020/8/25