Skip to the content
Menu

په‌یامی پیرۆزبایى جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

به‌بۆنه‌ی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سەرۆک مەسعود بارزانی و تەواوی هەڤاڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان كرد كه‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
پیرۆزبایی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی یادی ١٦ی ئاب، رۆژی دامەزارندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی مستەفا بارزانیی نەمر، باوکی رۆحیی نەتەوەیی گەلەکەمان و تێپەڕبوونی ٧٤ ساڵ، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و تەواوی هەڤاڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم.
پارتی وەک حیزبێکی پێشەنگ هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە زیاتر لەحیزبێکی سیاسی بووەو وەک بزوتنەوەیەکی کوردستانییانە لەسەر بنەمای دیموکراسییەت و پێکەوەژیان و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ رزگاریی نیشتیمانی و نەتەوەیی تەواوی وزەو تواناکانی کوردستانییانی یەکخست و لەخەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و دواتر بەهەڵایساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەرگری و خەباتی پێشمەرگانەی لەسەرانسەری باشووری کوردستان وەها ئاراستەو رابەرایەتی کرد کە بووەهۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار لەمێژووی ناوچەکەدا رژێمی ئەو کاتی عێراق لەچوارچیوەی ریککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا دان بەمافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت و هەرئەوەش ببێتە بنەمایەک بۆ فیدرالییەتی هەرێمی کوردستان لەقۆناغەکانی دواتردا.
پارتی بەهەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵان لەدوای نسکۆی ١٩٧٥ەوە جارێکی دیکە هاوکات لەگەڵ هێزو لایەنە تێکۆشەرەکانی دیکەی کوردستان ئیرادەو ئومێدی وەبەر خەڵکی کوردستان دایەوەو دواجار بەکاری پێکەوەیی و بناغەدانەری بەرەی کوردستانی سەرکەوتنی راپەڕینی پڕِ شکۆی ئاداری ١٩٩١ی گەلەکەمانی لێکەوتەوە.مێژوو شاھێدی ئەوەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانی لەرۆژانی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەئاداری ١٩٩١ لەوتارێکیدا لەشاری کۆیە داوای کرد ھەلبژاردنێکی ئازاد بکرێ و گەلی کوردستان نوێنەرانی خۆیان ھەڵبژێرن و حوکمڕانیی دیموکراسی و سەروەریی یاسا بچەسپێ. بەشداریی پارتی وەک حیزبێکی گەورەو سەنگینی کوردستان و سەرخستنی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەئایاری ١٩٩٢ هاتە ئارا، لەو کاتەوە تائێستا پارتی وەک هێزێکی سیاسیی گەورەی ناو پەرلەمانی کوردستان هاوشان لەگەڵ تەواوی هێزەتیکۆشەرەکانی دیکەی کوردستان لەپێشخستنی خەباتی پەرلەمانی و یاسادانان و چاودێری و پێکەوە هەڵکردن و کارکردن بۆ جۆشدان و بەردەوامیی دیموکراسییەت لەسەر ئاستی کەلتوورو میکانیزم، رۆڵی هەرە لەپێشی گێڕاوە.
لەهەلومەرجێکدا ئەم یادە پڕشکۆیە دەکەینەوە کەهەرێمی کوردستان بەقۆناغیکی هەرە سەخت و پڕِ لەهەرەشەو ئاستەنگی ئابووری، تەندروستی و سیاسی لەگەڵ حکومەتی عێراق و خێرایی و ئاڵۆزی و تیکچڕژاویی هاوکیشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا تێدەپەڕِێت. ئەمەش ئەرکی پارتی قورستتر دەکات بەوەی لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنە بەڕێزەکانی دیکەی گۆڕەپانی کوردستان بەلایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە مکومترو بەگیانی کوردستانییانەی بەرپرسیارانە لەپێناسەی قۆناغەکەو دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هەرەشەکان و مکومتربوون لەسەر چاکسازیی ریشەییی هەمەلایەنە لەسێکتەرە جیاجیاکان و گەیشتنە رێککەوتنێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای مافە دەستوورییەکانمان لەگەڵ بەغدا بەر بەئاڵٶزتربوونی دۆخەکە بگیردرێ.
جاریکی دیکە یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی پیرۆزبێت و سڵاو بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر دامەزرێنەرو رابەرو سەرکردەی مێژوویی گەلەکەمان.
سڵاو بۆ رابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی دەنێرین کەوەک سەرکردەیەکی مێژوویی گەلەکەمان سەرکردایەتیی پێشمەرگەو مقاوه‌مەتی گەلەکەمانی کرد لەتێکشاندنی ئەفسانەی داعش و سەرخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆم.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان