Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات

به‌بۆنه‌ی 74 مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی به‌ڕێزان سەرۆک و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان كرد كه‌ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ڕێزان سەرۆک و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان
‎به‌بۆنه‌ی 74 مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی ده‌کەین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین..
‎به‌ڕێزان.. دیاره‌ ساتەوەختی ئه‌م ساڵیادە‌ هاوكاته‌ لە‌گه‌ڵ چه‌ندین پرسی ئاڵۆزو قورسی بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ته‌ندروستی‌ و هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکان لەگەڵ تەحەدیاتی گەورە ڕووبەڕووە، هه‌موو ئەمانەش لێمان ده‌خوازێت كه‌ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی حیزبی و كێشه‌ لا‌وەکییەكان وه‌لابنێین به‌ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌رو لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش هه‌نگاو بنێین، زمانی دیالۆگ و یه‌كتری قبوڵكردن بكه‌ین به‌بنه‌ماو پێشمه‌رجی هەر گفتوگۆو هەوڵێکی چارەسەر بەئاراستەی پارێزگاریكردن له‌قه‌واره‌ی سیاسیی هەرێم و پاراستنی سه‌روه‌رییه‌کانی و ئەولەویەتدان بەدۆزی ڕەوای گەلەکەمان لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و خزمەتکردنی کوردستانییان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بواری مووچەو خزمەتگوزارییەکان.
‎ئومێده‌وارم ئه‌م یاده‌ ببێته‌ هه‌وێنی لێكتێگه‌یشتنی زیاترو یه‌كخستنی ڕیزه‌كان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای میلله‌ته‌كه‌مان و به‌دیهێنانی خواست و داخوازییەکانی هاووڵاتییان.
‎جارێكی تر پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م هه‌ر سه‌ركه‌وتووبن.
‎د.ڕێواز فایه‌ق
‎سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
2020/8/15