Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌به‌رپرسی نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى ژنان له‌عێراق و یه‌مه‌ن كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/8/24، له‌په‌رله‌مانی كوردستان د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیى له‌خاتوو دینا زۆربا به‌رپرسى نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى ژنان له‌عێراق و یه‌مه‌ن و خاتوو د.خانزاد ئه‌حمه‌د ئه‌میندارى گشتیی ئه‌نجوومه‌نی باڵاى كاروبارى خانمان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌رییان كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ره‌وشی ژنان له‌هه‌رێمی كوردستان باسی لێوه‌ كراو جه‌خت له‌پێویستیی گرنگیدانی زیاترو فه‌راهه‌مكردنی مافى زیاتر بۆ ژنان كرایه‌وه‌ وه‌ك به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌و رۆل و به‌شدارییان له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیاندا.
شاندی میوان داوایان له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد وه‌ك ژنێك له‌و پۆسته‌ باڵایه‌ی هه‌رێمی كوردستان رۆلی خۆى بگێڕێ له‌داكۆكیكردن و به‌ره‌وپێشبردنی ره‌وشی ژنان له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌مافی ژنانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌ش یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیی خێزانی كه‌ چه‌ند ماده‌و بڕگه‌یه‌كی پێویستییان به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌.
د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موو كات پاڵپشتیی داوا ره‌واكانی ژنانین و به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ داكۆكی له‌مافه‌كانیان ده‌كه‌ین هه‌ر یاسایه‌كیش كه‌په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆى به‌ژنانه‌وه‌ هه‌بێت و پێویستیی به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌بێت ئێمه‌ به‌پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان درێغیی لێناكه‌ین و كارى جدی ده‌كه‌ین له‌وباره‌یه‌وه‌".