Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌هه‌ردوو ڕێكخراوی تێكۆشه‌رانی گوڵان و كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان-لقی هه‌ولێر كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/8/18، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و به‌همه‌ن كاك عه‌بدوڵا‌ بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێڤینگ هروری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و سه‌روان هه‌ركی ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه و لوقمان وه‌ردى سه‌رۆكی لیژنه‌ى شاره‌وانى و گواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی پێشوازیى له‌سه‌رۆك و ئه‌ندامانی هه‌ردوو ڕێكخراوی تێكۆشه‌رانی گوڵان و كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان-لقی هه‌ولێر به‌سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێزان دلاوه‌ر ئۆمه‌رو فاتیح مه‌لا قه‌ره‌ كرد، دوای به‌خێرهێنانیان به‌گه‌رمی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسى له‌رۆلی قاره‌مانانه‌ى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان كردو ڕایگه‌یاند: "هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وت و سه‌روه‌رییانه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌به‌ده‌ستهاتوون به‌ری ڕه‌نج و خه‌بات و تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانه‌و‌ هه‌مووان قه‌رزاری گیانفیدایی و خۆبه‌ختكردنی ئه‌وانین كه‌ له‌قۆناغێكی سه‌خت و دژواری رزگاریی نیشتیمانیدا له‌پێناو مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌ماندا به‌ڕۆحی خۆیان قوربانیانداوه‌، په‌رله‌مانی كوردستان ڕێز له‌هه‌موو ویست و داواكارییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان ده‌گرێت و به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ كار له‌سه‌ر داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی ڕێكاره‌ یاساییه‌ كارپێكراوه‌كان".
پاشان هه‌ریه‌ك له‌دلاوه‌ر ئۆمه‌رو فاتیح مه‌لاقه‌ره‌ كۆمه‌ڵێك گله‌یى و گازانده‌و داواكاریی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانیان به‌وردی خسته‌ڕوو و پڕۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌شی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌تێیدا داوایان كرده‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان یاسایه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان ده‌ربكات كه‌ماف و شایسته‌یی خه‌بات و تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان فه‌راهه‌م بكات و ساڵانی خزمه‌ت و قوربانیدانیان له‌چوارچێوه‌ی یاسایه‌كدا قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌و ڕێزی لێبگیرێت، هاوشێوه‌ی چین و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌.
دواتر ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئاماده‌بوو له‌دانیشتنه‌كه‌دا پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواكاریی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان ده‌ربڕی و به‌كۆمه‌ڵێك ڕاو سه‌رنجی جیاواز گفتوگۆكانیان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.
له‌كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ڕاسپارد بۆ به‌دواداچوون و وه‌رگرتنی پڕۆژه‌ی ڕێكخراوه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و كاركردن له‌سه‌ری، گوتیشی: "په‌رله‌مانی كوردستان هه‌رچی له‌توانایدا بێت درێغی ناكات له‌پاڵپشتی و پشتگیریكردنی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان له‌چوارچێوه‌ی كاری ته‌شریع و یاسا داناندا".