شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی دەكات
رۆژی چوارشەمە 19-8-2020، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لەپەرلەمانی كوردستان كەپێكھاتبوو له ئیحسان محەمەد سهلیم جێگرى سهرۆكی لیژنهو وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردهرى لیژنهكه، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكومهتی ههرێمی كوردستانى كردو لەلایهن د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وكاروبای ئاینی پێشوازیى لێكرا.
لهدیدارێكدا باس لەڕەوشی ئاینی لهھەرێمی كوردستان و ئەركی دامەزراوە ئاینییەكان لەم قۆناغەدا كرا بۆ زیاتر خزمەتكردنی مامۆستایانی ئاینی و سازكردنی زەمینە بۆ كردنەوەی دهرگاى مزگەوت و شوێنە ئایینەكان بەڕووی ھاووڵاتییاندا، ھەروەك ستایشی رۆلی مامۆستایانی ئاینی لەپابەندبوون بەڕێنماییەكان و ئامۆژگاری و پەیامەكانیان بۆھوشیاركردنەوەی كۆمەڵگه كرا.
لەبەشێكی دیكهی دیدارهكەدا باس لەچەند پرسێكی تایبەت بەبڕوانامەی ژمارەیهك (پێشنوێژ- پێشنوێژو وتارخۆین) كرا كەبڕوانامەی ماستەرو دكتۆرایان لەدەرەوەی وڵات بەدەستھێناوەو مۆڵەتی خوێندیان نییە، لەگەڵ پرسی ھەڵگرانی بڕوانامەی یەكسانكردن (تەعدیل) بەمەبەستی وەرگرتنیان لەزانكۆو پەیمانگهكان بۆ ئەمەش وەزیری ئەوقاف ھەموو پشتیوانییهكی خۆى دەربڕی لەپێناو چارەسەركردنی گرفتەكان.
ھەردوولا جەختیان لەسەر ھەماھەنگی و ھاوكاریی زیاتر كردەوە لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی رەوشی ئاینی و پێكەوەژیان لەھەرێمی كوردستاندا.