Skip to the content
Menu

لیژنەی دارایی جەخت لەداواكردنی روونكردنەوە لەوەزارەتی دارایی و پلاندانان دەكاتەوە

بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ سەردانیكردنی خاڵەسنوورییەكان و جەختكردنەوە لەداواكاریی روونكردنەوە لەوەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان لەسەر رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 2020/8/26، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان بەسەرپەرشتیی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری ‌سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر وەڵامی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كرا كەهەفتەی رابردوو لیژنەكە بەفەرمی داوای لەوەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان كردبوو لەسەر ناوەڕۆكی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا، بۆیە لیژنەكە جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كەهەردوو وەزارەت پێویستە روونكردنەوە بۆ لیژنه‌كه‌یان بدەن.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا ئامادەكاری كرا بۆئەوەی لیژنەكە سەردانی مەیدانیی خاڵەسنوورییەكان بكات بەمەبەستی ئاگاداربوون لەڕەوشییان و چۆنیەتیی كاركردن و بەدواداچوون بۆ هەندێ‌ بابەتی بازرگانی و ئابووری.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا تەواوی ئەو نوسراوانەی لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاووڵاتییان ئاڕاستەی لیژنەكە كرابوون تاووتوێكران و ئەوانەی پێویست بوون وەڵامدرانەوە.