Skip to the content
Menu

لیژنەی كشتوكاڵ لەگەڵ نوێنەری عه‌لوەكانی هەرێم كۆبۆوه‌

بەمەبەستی تاووتوێكردنی پڕۆژەیاسای رێكخستنەوەی عه‌لوەكان و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەكێشەو گرفتەكانیان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمە 2020/8/16، لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان بەسەرپه‌رشتیی عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنه‌و ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانى لیژنەكە لەگەڵ نوێنەری عه‌لوەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی راپەڕین كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئیدارەی عه‌لوەكان كرا كە سەر بەوەزارەتی كشتوكاڵ بێت، لەگەڵ شێوازی وەرگرتنی حمولە بۆ نمونە میوەفرۆش لەمیوەفرۆش وەربگرێت.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا نوێنەری عه‌لوەكانی هەرێم راو تێبینی و سەرنجەكانیان لەسەر پڕۆژەیاسای رێكخستنەوەی عه‌لوەكان خستەبەردەم لیژنەكە بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەیاساكەو بەسیستەمكردنی كاری عه‌لوەكان.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكە كەتایبەت بوو بەكاری لیژنەكە، سەردانی مەیدانیی لیژنەكە بۆ سنووری پارێزگای دهۆك تاووتوێ كرا كەلەنزیكەوە سه‌ردانى چەند جووتیارێكی بەرهەمهێنی پەتاتەیان كردبوو، لەگەڵ بەسەركردنەوەی ساردكەرەوەی هەڵگرتنی پەتاتە، لەم سەردانە لیژنەكە گوێی لەكێشەو گرفت و داواكاریی جووتیاران گرت، كەداوای سەرەكییان ئەوەبوو لەپێگەیشتنی وەرزی پەتاتە له‌لایه‌ن حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی پەتاتە قەدەغە بكرێت بەهۆی ئەوەی بەسەدان هەزار تۆن پەتاتە لەئێستادا لەساردكەرەوەكان هەڵگیراون لەبەر نەبوونیی بازاڕی پەتاتە بەهۆی دۆخی كۆڕۆناوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لیژنەكە تاووتوێی سەردانی مەیدانیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی كردو لەنزیكەوە بەدواداچوونیان لەسەر هەڵكەندنی بیری كشتوكاڵی كرد كەرۆتینات بەدی كراوە.