Skip to the content
Menu

لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری سەردانی سایلۆی هەولێر دەکات

ئەمڕۆ چوارشەمە ١٩ی ئابی ٢٠٢٠، شاندێكی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری له‌پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی عەبدولستار مەجید سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ سەردانی سایلۆی هەولێری کردو لەنزیکەوە لەکێشەو گرفت و کەموکورتییەکانی سایلۆکەیان کۆڵییەوەو دواتریش لەڕێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاراستەی حکومەت و وەزارەتی بازرگانی دەکرێت بەمەبەستی بەدەمەوەهاتن و چارەسەرکردنیان.
ئەم سایلۆیە بۆ جووتیارانی هەولێر ئێجگار گرنگەو توانای عەمبارکردنی (١٤٠٠٠٠ سەد و چل هەزار تۆن) گەنم و دانەوێڵەی هەیە، بەڵام کۆمەڵێک گرفتیان هەیە لەوانەش:
فەرمانبەری کەمە کەتەنها ١١٠ کارمەندو فەرمانبەرن و لەچاو زۆریی ژمارەی جووتیاران و به‌رهەمه‌کانیان زۆر کەمەو وەک پێویست بەکارەکان ڕاناگەن، هه‌روه‌ها کوالیتی کۆنترۆڵی نییە، هەرچەندە کۆنترۆڵی جۆری لەبەغدا هەیە یۆ پشکنینی جۆری دانەوێڵە، بەڵام بوونی ئەو دەزگایە بۆ سایلۆیەکی لەمجۆرە گرنگە، سایلۆكه‌ تاقیگەیەکیان هەیە، بەڵام پشتگوێ خراوەو لەڕووی ئامێ و پێداویستی و کارمەندی پسپۆڕەوە بێنازەو پێویستیی بەئاوڕلێدانەوەی جدی هەیە، دیواری سایلۆکەش زۆر نزمە کەهۆکارێکە بۆئەوەی ئاژەڵی بەرەڵا هاوشێوەی سەگ بەئاسانی بتوانن تێی بپەڕێنن و بچنە ناو ئەو گەنمەی کە لەودیو سیاجی سایلۆکەوە ڕۆکراوە، ئەمەش زۆر خراپەو هۆکاری نەخۆشی و پیسبوونی گەنم و جۆکەیە، هه‌روه‌ها گرفتی کارەباشیان هەیە کەپێویستە کارەبای بەردەوامیان هەبێ.
لیژنەکە دوای سەردانی سایلۆی هەولێرو ئاگاداربوون لەگرفت و کێشەکانیان لەڕێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و بەنوسراوی فەرمی گرفت و داواکاریی سایلۆكه‌ دەگەیەنێتە حکومەت و وەزارەتی بازرگانی بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.
هاوکات لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری سوپاس و دەستخۆشی لەبەڕێوەبەرو فەرمانبەرانی سایلۆكه‌ کرد کە بەو ژمارە کەمەی فەرمانبەرو بەو توانا کەمە دارایی و بەو کەموکورتی و گرفتانەی هەیانە بەتەواوی لەخزمەتی جووتیاراندان.