Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌به‌رپرسی نوسینگه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى ئافره‌تان له‌عێراق و یه‌مه‌ن كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2020/8/24، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌خاتوو دینا زۆربا به‌رپرسى نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى ئافره‌تان له‌عێراق و یه‌مه‌ن كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یى سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌و خاتوو د.خانزاد ئه‌حمه‌د ئه‌میندارى گشتیی ئه‌نجوومه‌نی باڵاى كاروبارى خانمان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ئاماده‌یبوون، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌كاروباره‌كانی په‌رله‌مان و ڕێژه‌ی ئافره‌ت له‌ناو په‌رله‌مان و رۆلیان له‌لیژنه‌كان، هه‌روه‌ها بوونی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌كاروباری ئافره‌تان به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ داخوازییه‌كانی ژنان و ئافره‌تانی كوردستان خسته‌ڕوو و راشیگه‌یاند: "پشتیوانی و پشتگیریی هه‌مووجۆره‌ پڕۆژیه‌ك ده‌كه‌ین بۆ یه‌كسانیی جێنده‌ری و فه‌راهه‌مكردن و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ئافره‌تان كه‌به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌بێ و رۆل و پێگه‌ی دیاری خۆیان هه‌بێت له‌داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستانداو له‌رابردوو و له‌ئیستاشدا هه‌میشه‌ ئافره‌تانی كوردستان له‌ناو كایه‌ سیاسی و كارگێڕییه‌كاندا رۆلیان پێدراوه‌".
پاشان خاتوو دینا زۆربا به‌رپرسى نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى ئافره‌تان له‌عێراق و یه‌مه‌ن وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "كارده‌كه‌ین له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كسانیی جێنده‌ری و مافه‌كانی ئافره‌تان به‌وه‌ى رۆلی زیاتریان هه‌بێت و مافه‌كانیان پارێزراوتر بێت، خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕی كه له‌‌هه‌رێمی كوردستان رێژه‌یه‌كی به‌رچاوى ئافره‌ت له‌داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستاندا بوونیان هه‌یه‌و رۆلیان پێدراوه‌و كارده‌كه‌ن".