پهیامی سهرۆكایهتیی پهرلهمان لهساڵیادی كۆمهڵكوژیی ئێزدییهكاندا
بەبۆنەی یادى 6 ساڵەی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان، سهرۆكایهتیی پهرلهمانى كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا داوا دهكات ئەو تاوانکارییە دۆکیۆمینت بکرێت و لەدادگا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارانی ئەو تاوانکارییە دادگایی بکرێن و قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوەو پەلە بکرێت لهگهڕان بهدوای بیسەروشوێنان و چارەنووسى نادیاران و گهڕاندنهوهی دانیشتووانی شنگال بۆ زێدى خۆیان، ئهمهى خوارهوه دهقی پهیامهكهیه:
سبهی 3ى ئابى 2020 یادی رۆژێکی رەش لەمێژووی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە، كه لە (3)ی ئابی ساڵی (2014)و رۆژانی دواترو لەسەدەی نوێ و لەجیهانی نوێ تیرۆریستان بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە هێرشێکی دڕندانەیان کردەسەر قهزای شنگال و کچ و ژنانی کوردانی ئێزدییان هاوشێوەی چاخە بەردینەکان بەبارمتە بردو پیاوو گەنجانیشیان زیندەبەچاڵ کرد.
ئێمە کەیادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەکەینەوە، سوپاسی قارەمانییەتی پێشمەرگەو هاوکاریی وڵاتانی دۆست دەکەین کەڕێگەیان نەدا پێشڕەوییەکانی تاریکپەرستانی داعش زیاتر بێتە ناو قووڵایی خاکی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەشیان لەچەپۆکی رەشی تیرۆریستانی داعش پاراست و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند. پەرلەمانی کوردستان هەمیشە لەخەمی باشتر بەهاناوەچوونی خواست و داوای شنگالییەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەیە، هەر بۆیەش پهرلهمانى كوردستان لهدانیشتنی ژماره (3)ى نائاسایی خۆیدا لهڕێكهوتی 2019/8/3، رۆژی 3ى ئابی 2014ى وهك رۆژی كۆمهڵكوژیى ئێزدییهكان دیاریكرد، بۆئەوەی لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی.
لەو یادەدا داواکارین حکومەتی عێراقی بەئەرکی ئەخلاقی و بەرپرسیارییەتیی خۆی هەڵبستیت و رێگە بەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تیمی تایبەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لیکۆڵینەو لەتاوانەکانی داعش(UNITAD) بدات کەئەو تاوانکارییە دۆکیۆمینت بکات و لەدادگا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارانی ئەو تاوانکارییە دادگایی بکرێن و قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە.
هەرێمی کوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ههموو لێقەوماوان و ئەوانەی مەترسیی هێرشیان لەسەربووه، ئەوەش بەوهۆیەی کەخەڵکی کوردستان باشتر لەئازاری لیقەوماوان دەگات، چونکە بەدەیان ساڵە بۆ بەدەستهێنانی کەمترین مافەکانی لەگەڵ عەقڵیەتی خۆسەپێن بەرەنگارەو لەو رێڕەوەش رووبەڕووی هەموو جۆرە تاوانکارییەک بۆتەوە، داواکارین کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی هەموو تاوانکارییەکان لەدژی خەڵکی کوردستان بەجینۆساید بناسێنیت و قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکرێتەوەو بەیاساو پشتیوانیی نێودەوڵەتی، کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەو جیهان لەدووبارەبوونەوەی تاوانکاریی لەو جۆرە بپارێزێت.
جارێکی دیکە سەری رێزو نەوازشمان بۆ شەهیدانی شنگال و قوربانیانی جینۆسایدی شنگال دادەنەوێنین، بەکچ و ئافرەتانی شەنگالی دەڵیین ئێوە نمونەی باڵای بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی ستەمن.
داواکارین هەموولایەک پەلە بکەن لهگهڕان بهدوای بیسەروشوێنان و چارەنووسى نادیاران و گهڕاندنهوهی دانیشتووانی شنگال بۆ زێدى خۆیان.
سهرۆكایهتیی پهرلهمانی كوردستان
2020/8/2