Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێم كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2020/12/22، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، پێشوازیی له‌كلێمنس سێمتنه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌كلێمنس سێمنته‌ر به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێم، تیشكی خسته‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌هێزى نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیی ئه‌ڵمانیاو رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ئاستێكی باشدایه‌و هیوادارین په‌ره‌ی زیاتریان پێبدرێت، به‌تایبه‌ت له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی فیدرالیی ئه‌ڵمانیاو بواره‌كانی بازرگانی و په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵادا"، هه‌روه‌ها ڕۆلی ئه‌ڵمانیاى به‌رزنرخاند له‌هاوكارییه‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌شه‌ڕى دژ به‌داعش و خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕی به‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی فیدرالیى ئه‌ڵمانیا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ك پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌‌پێكهاته‌و ژماره‌ی كورسی و فراكسیۆنه‌كان و ڕێژه‌ی كۆتاكان و كارى په‌رله‌مان و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان و بوونی ئۆپۆزسیۆنی له‌په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان له‌خولی پێنجه‌میدا كۆمه‌ڵێك پلان و به‌رنامه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی فراوانبوونی په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆناو ناسه‌قامگیری له‌عێراق، كاره‌كان وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كران و گووتیشی: " هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆرباش هه‌یه‌ له‌نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و له‌و خوله‌دا زیاترین شاندی حكومه‌ت له‌دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كان ئاماده‌ییان هه‌بووه‌".
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداش، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیرى له‌شاندی دانوستانكارى حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین له‌گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالیی عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌تایبه‌ت پرسی ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021".
دواتر كلێمنس سێمتنه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆى به‌سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیی ئه‌ڵمانیا كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "هه‌وڵه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ په‌ره‌پێدانی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی فیدرالیی ئه‌ڵمانیاو په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كانی ئه‌ڵمانیا".