كار بۆ دەرچوواندنی یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی دەكرێت
لەپێناو دەرچوواندنی یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی و چارەسەركردنی كێشەی ناوچە بازرگانی و پیشەسازییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/16، لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، بەسەرپهرشتیی عەلی حەمە سالح سەرۆكی لیژنەو ئامادهبوونی جێگرى سهرۆكی لیژنهو بڕیاردەرو راوێژكارانی لیژنەكە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكە گفتوگۆی ورد كرا لەسەر چۆنیەتیی پێداچوونەوە بەكەمكردنەوەی خەرجیی بۆڕی نەوتی، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا یاداشتێك ئاراستەی حكومەتی هەرێم بكرێت.
خاڵێكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر كاركردن بۆ دەرچوواندنی یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بەگرنگیان زانی كەسەردانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بكەن بۆ باسكردن و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی ناوچە پیشەسازی و بازرگانییەكان، بڕیاردرا لەماوەیەكی نزیكدا سەردانی دەستەی وەبەرهێنان بكەن.