Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لەگەڵ شاندێكى باڵاى وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاو ئەوقاف کۆبووه‌وە

بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی خوێندنی ئاینی لەھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/12/7، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی د.ھەورامان حەمەشریف حمەڕه‌شید سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، لەگەڵ ئالان حمه‌سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده‌و د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریكارى وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو عه‌باس صالح بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و ستافى یاوه‌ریان له‌هه‌رسێ وه‌زاره‌ته‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.‌
لەدیدارێکدا کە لەھوڵی پەناگیری لەته‌لارى پەرلەمان بەرێوەچوو، چەندین پرسی گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لەوانە پرسی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی خوێندنی ئاینی لەھەرێمی کوردستان، کەخۆى لەکێشەو گرفتی خوێندنی ئیسلامی و وەرگرتنیان لەزانکۆو پەیمانگه‌کان ده‌بینییه‌وه‌، ھەوەھا باسکردنی کێشەی ئەو مامۆستا ئاینییانەى کەبروانامەی دکتۆرا-یان بەبێ وه‌رگرتنی موڵەتى خوێندن لەدەرەوەی ھەرێم به‌ده‌ستھێناوە، ھەوەھا قسەکردن لەسەر کێشەی نازناوی زانستیی مامۆستایانی ئاینی و فەرمانبەرانی ئەوقاف، هه‌روه‌ها بایەخدانی زیاتر به‌خوێندنی حوجرە، دوای گەیاندنی ئەو ھەموو پرسانە بەشاندی میوان و گفتوگۆکردنیان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئەندامانی لیژنەى ئه‌وقافى په‌رله‌مان پرس و سەرنجەکانی خۆیان لەسەر ئەو ته‌وه‌رانه‌و چەندین بابه‌تی تر بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
دواتر شاندی ھەرسێ وەزارەت ھەریەکەیان بۆ ئەو پرسانەی کەبه‌وەزارەتەکانیانه‌وە پەیوەندیداربوو، روونکردنەوەو وەڵامی پێویستیان به‌لیژنەكه‌دا، ھەروەھا ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی كۆى ئەو پرسانە به‌پێی توانا.
له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌خیتییان له‌پێویستیی كارى پێكه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ كرده‌وه‌و به‌رده‌وامبوونی ئه‌مجۆره‌ دیدارو كۆبوونه‌وانه‌شیان به‌ گرنگ و پێویست زانی.