Skip to the content
Menu

لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ هەوڵی چارەسەركردنی تەندروستی بەندكراوێك دەدات

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی شاری هەولێریان كردوو، لەنزیكەوە چاویان كەوت بەبەندكراوان و گوێیان لەداواكارییەكانیان گرت، لەم سەردانە بەندكراوێک كە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، داوای لە لیژنەكە كرد كە هەوڵبدەن بۆ چارەسەركردنی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/9، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو بەبەشداری هەریەكە لە شادی نەوزاد ئەندامی لیژنەكەو كامەران محەمەد راوێژكاری لیژنە، لەگەڵ كەسوكاری ئەم بەندكراوە كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیە هاوشێوەی بەندكراوەكە كەسوكارەكەشی داوای چارەسەركردنی نەخۆشەكەیان كردو بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەكە داواكارییەكەی گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار، و وەزارەتی تەندروستیش ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەموو هاوكارییەكی تەندروستی بۆ چارەسەركردنی، هەرچەندە بەپێی راپۆرتە پزیشكیەكان نەخۆشیەكە تەواوی جەستەی بەندكراوەكەی داگرتووە، بەڵام لیژنەكە بەئەركی خۆی زانی ئەم كارە بكات لە چوارچێوە مافەكانی مرۆڤ.