Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ژمارەیەك دامەزراوەی ئاینی لە دھۆك بەسەردەكاتەوە

بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانیان و گوێگرتن لەداواكاری و پێشنیازو سەرنجەكانیان، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەمە 2020/12/16، شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، کەپێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگڕی سەرۆكی لیژنەو وەیسی سەعید وەیسی بریِاردەری لیژنەو فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا و ھدیە مراد حیدر و كلارا عودیشۆ یعقوب ئەندامانی لیژنەکە، لەپارێزگای دھۆك ژمارەیەك دیدارو سەردانی ئەنجامدا.
سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای دھۆك-ی كردو بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەكو بەڕێوەبەری گشتیی ئه‌وقافى پارێزگاكه‌، پیرۆزباییان لە محەمەد خالد كردو ھیوای سەركەوتنیان لەئەركە نوێیەكەی بۆ خواست و پاڵپشتی و پشتیوانیی لیژنەكه‌یان بۆ دەربڕی لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی ھاووڵاتییان. پاشان شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆكی كردو لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەكە باسیان لەڕەوشی ئاینی له‌پارێزگای دھۆك كردو گفتوگۆ لەسەر چەندین خاڵ كرا بۆ زیاتر بایەخدان بەڕەوشی پێكەوەژیان، دواتر سەردانی ھەریەك لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی حەج و عومرەو ئەوقاف و كاروباری ئێزدییان و مەسیحییەكانی پارێزگای دھۆك و نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدییان كردو ستایشی كارو چالاكییەكانیان كردن.
لەلایه‌كی دیكه‌وە شاندەكە چەندین مامۆستای ئاینی و مەتران و قەشەی پارێزگاكەی بەسەركردەوه‌و باسیان لەڕەوشی ئاینی و پێكەوەژیان كردو بەگرنگییەوە باس لەسەردانەكەی پاپا فەڕەنسیس، پاپای ڤاتیکان كرا كەوا بریاڕە لەمانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی هه‌رێمی كوردستانیش بکات و ئەمەیان بەڕووداوێكی مێژوویی وەسف كرد بۆ گەلی كوردستان، ھیوایان خواست ھەمیشە كوردستان ھەر بەلانەی پێكەوەژیان بۆ ھەموو پێكھاتەكان بمێنێتەوە. شاندەكە رۆلی پیاوانی ئاینیی سەرجەم ئاینەكانیان بەرزنرخاند لەقووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئاشتەوایی.
وابریارە لەڕۆژانی داھاتوودا لیژنەی ئەوقاف درێژە بەسەردانە مەیدانییەكانی بدات بەمەبەستی بەسەركردنەوەی دامەزراوە ئاینییەكان و ئاگاداربوون لەكێشەو داواكارییەكانیان و گه‌یاندنیان به‌لایەنە پەیوەندیدارەكان.